لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕابەران 8:7-22

ڕابەران 8:7-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئیتر گدعۆن هەموو پیاوەکانی دیکەی ئیسرائیلی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام سێ سەد پیاوەکەی هێشتەوە. ئەوانیش ئازووقە و کەڕەناکانی ئەوانی دیکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە دۆڵەکە لە ژێرییەوە بوو. ئینجا لەو شەوەدا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەستە و هێرش بکە سەر ئۆردوگاکە، چونکە خستوومەتە ژێر دەستتەوە. ئەگەر لە هێرشبردن دەترسیت، ئەوا خۆت و پورای خزمەتکارت بچنە خوارەوە بۆ ئۆردوگاکە، گوێت لە قسەکانیان دەبێت و ورەت بەرزدەبێتەوە و هێرش دەبەیتەسەر ئۆردوگاکە.» ئیتر خۆی و پورای خزمەتکاری بەرەو خوار چوون تاکو لە ڕیزەکانی دواوەی چەکدارەکانی ئۆردوگاکە نزیک بوونەوە. میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە. ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.» هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە. خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.» ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو، کڕنۆشی بۆ خودا برد. پاشان گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.» ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە. پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن. ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“» ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن. سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!» ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن. کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێت‌شیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات.