ڕابەران 1:5-12
ڕابەران 1:5-12 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەبینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد: «کاتێک پێشەواکان لە ئیسرائیل ڕابەرایەتی دەکەن، کاتێک گەل خۆیان بەخت دەکەن، ستایشی یەزدان بکەن! «ئەی پاشایان، ببیستن! ئەی فەرمانڕەوایان، گوێ بگرن! من بۆ یەزدان سروود دەڵێم، مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم. «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر، بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم، زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد، هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری. چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا، لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات، لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن. گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون، چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام، هەتا وەک دایکێک لە ئیسرائیل هەستام. کاتێک شەڕ گەیشتە دەروازەکان، خودا ڕابەرە نوێیەکانی هەڵبژارد، بەڵام هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل نەبینرا. دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە، لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل، ستایشی یەزدان بکەن! «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون، دانیشتوو لەسەر زینی لباد و ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر، گوێ بگرن لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای بیرە ئاوەکان، لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا، کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل. «ئینجا گەلی یەزدان بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن. ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا! هەستە، هەستە، سروود بڵێ! هەستە، ئەی باراک! ئەی کوڕی ئەبینۆعەم دیلەکانت بگرە.“