ڕابەران 1:16-17
ڕابەران 1:16-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
پاشان شەمشون چوو بۆ غەزە و لەوێ لەشفرۆشێکی بینی و چووە ژوورەوە بۆ لای. ئینجا بە غەزەییەکان گوترا: «شەمشون هاتووە بۆ ئێرە!» جا چواردەوری شوێنەکەیان گرت و بە درێژایی شەو لە نزیک دەروازەی شارەکەدا خۆیان بۆ مات کرد و گوتیان: «بەرەبەیان دەیکوژین.» شەمشونیش هەتا نیوەشەو پاڵکەوت و پاشان لە نیوەی شەودا هەستا و هەردوو لای دەروازەی شارەکە بە تەواوی لەگەڵ دوو کۆڵەکەکە و شمشیرەکەی دەرهێنا و خستنییە سەر شانی و بردنییە سەرەوە بۆ سەر چیاکەی بەرامبەر حەبرۆن. پاش ئەوە ئافرەتێکی لە دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست کە ناوی دەلیلا بوو. ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان چوونە لای دەلیلا و پێیان گوت: «بزانە دەتوانیت فریوی بدەیت تاوەکو نهێنی هێزە مەزنەکەیت بۆ ئاشکرا بکات و چۆنیش دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین بۆ ئەوەی پەلبەست و ملکەچی بکەین. دواتر هەریەک لە ئێمە هەزار و سەد شاقل زیوت پێدەدەین.» جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزە گەورەکەت چییە و بە چی دەبەسترێیتەوە هەتا ملکەچ بکرێیت؟» شەمشونیش پێی گوت: «ئەگەر بە حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوە بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوەیان بۆ دەلیلا سەرخست و پێی بەستییەوە. کەسانی بۆسەکە لە ژوورەکە لەلای مابوونەوە، دەلیلا پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» شەمشونیش ژێیەکانی بڕی، وەک پچرانی پەت کاتێک لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، جا نەزانرا نهێنی هێزەکەی چییە. جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «ئەوەتا گاڵتەت پێکردم و درۆت لەگەڵ کردم، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟» ئەویش پێی گوت: «ئەگەر بە گوریسی نوێی بەکارنەهاتوو بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» ئینجا دەلیلا چەند گوریسێکی نوێی هێنا و پێی بەستییەوە و پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» بۆسەکەش لە ژوورەکەدا لەلای مابووەوە، جا گوریسەکەی وەک دەزوو لە قۆڵی کردەوە. دەلیلاش بە شەمشونی گوت: «هەتا ئێستا گاڵتەم پێ دەکەیت و درۆم لەگەڵ دەکەیت، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟» ئەویش پێی گوت: «ئەگەر حەوت تیسک لە پرچم بە ڕایەڵی تەونێکەوە بچنیتەوە و لە تەختە دارێک گرێی بدەیت، ئەو کاتە بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا کاتێک خەوتبوو، دەلیلا حەوت تیسک لە پرچی بە ڕایەڵی تەونەکە چنییەوە و لە تەختە دارێک گرێی دا. جارێکی دیکە پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا لە خەوەکەی بەئاگا هات و تەختە دار و تەونەکە و ڕایەڵەکەی هەڵتەکاند. ئینجا پێی گوت: «چۆن دەڵێیت، ”تۆم خۆشدەوێ،“ و دڵیشت لەگەڵمدا نییە؟ ئەوەتا ئەمە سێ جارە گاڵتەم پێ دەکەیت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزە گەورەکەت چییە.» جا لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنی بوو و هەموو ڕۆژێک لێی دووبارە دەکردەوە، هەتا وەڕسی کردبوو. بۆیە هەموو دڵی خۆی بۆ کردەوە و پێی گوت: «گوێزان بەسەر سەرمدا نەهاتووە، چونکە لە سکی دایکمەوە بۆ خودا تەرخانکراوم. جا ئەگەر سەرم بتاشرێت هێزەکەم لێم دەڕوات و لاواز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»