لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕابەران 1:1-18

ڕابەران 1:1-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەدوای مردنی یەشوع، نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار بچێت بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکان؟» یەزدانیش وەڵامی دانەوە: «با هۆزی یەهودا بچن، من وا خاکەکەم خستووەتە ژێر دەستیان.» پیاوانی یەهوداش بە شیمۆنییەکانی برایانیان گوت: «لەو بەشە خاکەی لە تیروپشک بۆمان دەرچووە لەگەڵمان وەرن، با لە دژی کەنعانییەکان بجەنگین، ئینجا ئێمەش لەو بەشە خاکەی کە بۆتان دەرچووە لەگەڵتان دێین.» شیمۆنییەکانیش لەگەڵیان چوون. پیاوانی یەهودا چوون، یەزدانیش کەنعانی و پریزییەکانی خستە ژێر دەستیان، ئەوانیش لە بەزەق دە هەزار پیاویان لێ کوشتن. ئینجا لە بەزەق، ئەدۆنی بەزەقیان دۆزییەوە و شەڕیان لە دژی کرد، کەنعانی و پریزییەکانیان شکاند. ئەدۆنی بەزەق هەڵات، بەڵام ئەوان بەدوای کەوتن و گرتیان و پەنجە گەورەی دەست و پێیان بڕی. ئەدۆنی بەزەق گوتی: «حەفتا پاشا کە پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕابوو لەژێر مێزی نانخواردنەکەم بەرماوەیان هەڵدەگرتەوە، ئەوەی کردبووم خودا پێی کردمەوە.» ئینجا هێنایانە ئۆرشەلیم و لەوێ مرد. کوڕانی یەهودا هێرشیان بردە سەر ئۆرشەلیم و گرتیان، خەڵکەکەیان بە شمشێر کوشت و ئاگریان لە شارەکە بەردا. لەدوای ئەوە کوڕانی یەهودا بەرەو خوارەوە چوون بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەوانەی نەقەب و ئەوانەی لە زوورگەکانی خۆرئاوا نیشتەجێ بوون. ئینجا کوڕانی یەهودا بەرەو کەنعانییەکانی دانیشتووی حەبرۆن چوون و شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەییان بەزاند. حەبرۆن پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو. لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوییان کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو. ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.» ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب کە لەو بچووکتر بوو، قیریەت سێفەری گرت. کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی. ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟» ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا. نەوەی خەزووری موسا، ئەوەی کە قێنی بوو، لە شاری دار خورما لەگەڵ کوڕانی یەهودا چوونە چۆڵەوانی یەهودا لە نەقەب لە نزیکی عەراد، چوون و لەگەڵ گەلەکە نیشتەجێ بوون. پیاوەکانی یەهودا لەگەڵ شیمۆنییەکانی برایان چوون و کەنعانییەکانی دانیشتووی چەفەتیان بەزاند، بە تەواوی وێرانیان کرد، لەبەر ئەوە ناویان لە شارەکە نا حۆرما. کوڕانی یەهودا دەستیان گرت بەسەر غەزە و ئەسقەلان و عەقرۆن و سنوورەکانیان.