لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 12:59-20

ئیشایا 12:59-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون، گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن. یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون، دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین: یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان، لادان لە ڕێگای خودای خۆمان، هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە، دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن. دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت. ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتووە و ڕێگا نادرێت ڕاستگۆیی بێتە ژوورەوە. ڕاستی ون بووە و ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر. یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو کە دادپەروەری نەبوو. بینی کەس نەبوو، سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو. بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین، ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد. ڕاستودروستی وەک زرێ لەبەرکرد و کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری، بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد، دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا. بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت، سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات، بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات. خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی، چونکە یەزدان وەک لافاو دێت، بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت. «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن، بۆ لای ئەوانە لە نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.