ئیشایا 8:49-16
ئیشایا 8:49-16 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم، جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل، بۆ بوژاندنەوەی زەوی، بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان، بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“ بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“ «لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن، لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن. نە برسی دەبن و نە تینوو، نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر، چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە، ڕێنماییان دەکات و بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات. هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە. ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.» ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، ئەی زەوی، شادمان بە! چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە، چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە. بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم! پەروەردگار لەبیری کردم.» «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات، یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟ تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات، بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم. ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە، هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.