ئیشایا 14:49-26
ئیشایا 14:49-26 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم! پەروەردگار لەبیری کردم.» «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات، یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟ تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات، بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم. ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە، هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن. کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە، ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە. چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە! هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.» یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت، وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە. «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و خاکەکەشت ڕووخێنرا، بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان، لووشدەرانت دوور دەکەونەوە. ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن: ”ئەم جێیە تەنگە بۆمان، جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“ لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ ئەمانەی بۆ من بوو کە من سک سووتاو و نەزۆکم، دوورخراوە و دەربەدەرم؟ ئەی کێ بەخێوی کردن؟ ئەوەتا من بە تەنها مابوومەوە، ئەمانە لەکوێ بوون؟“» یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە، بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەمەوە، جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن. پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن، شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ، ڕوویان لە زەوی دەبێت، کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.» ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟ ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟ بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت، دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت. من دژایەتی دژەکانت دەکەم و من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم. وا دەکەم ستەمکارانت گۆشتی خۆیان بخۆن و وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش بن. جا هەموو مرۆڤ دەزانێت من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم، ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.»