لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 17:41-29

ئیشایا 17:41-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە، لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو. بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم، خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم. ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم، کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم. چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو، زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو. داری ئورز و ئەکاسیا و مۆرد و زەیتوون لە چۆڵەوانی دەڕوێنم، داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە لە بیابان دادەنێم، بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و سەرنج بدەن و تێبگەن کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.» یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.» پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم. بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن ئەوەی ڕوودەدات. ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن، با مێشکمان بخەینە سەری و بزانین کۆتاییەکەیان چییە. یان داهاتوومان پێ بڵێن، ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن، هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە، هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین. بەڵام ئێوە هیچن و کارەکانتان لە هیچ کەمترن، قێزەونە ئەوەی ئێوە هەڵدەبژێرێت. «لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات. لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات، بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا، وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت. کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین، پێشوەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“ بێگومان ڕاگەیەنەر نییە، بێگومان بەگوێدادەر نییە، بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە. سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“ بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا. بینیم کەس نییە، ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە. تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن! کارەکانیان هیچ نین، بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.