ئیشایا 9:38-20
ئیشایا 9:38-20 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
نووسراوی حەزقیای پاشای یەهودا، دوای ئەوەی نەخۆش کەوت و لە نەخۆشییەکەی چاک بووەوە: گوتم: «ئایا لە هەڕەتی گەنجیمدا من دەچم بۆ جیهانی مردووان، چونکە یەزدان لە پاشماوەی ژیانم بێبەشی کردووم؟» گوتم: «یەزدان نابینم لە خاکی زیندوواندا، لەمەودوا چیتر سەیری ئادەمیزاد ناکەم لەسەر ڕووی زەوی. خانووم هەڵتەکا و لەلام ڕۆیشت وەک خێوەتی شوانان، وەکو جۆڵا ژیانی خۆمم پێچایەوە و لە تەونەکەمدا بڕیمەوە، شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت. بە ئارامییەوە هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ دەکەم، بەڵام وەک شێر ئێسکم ورد دەکات، شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت. وەک پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە جیکە جیک دەکەم، وەکو کۆتر دەگمێنم، چاوم شل بوو هێندە لە ئاسمان بڕوانم. وەڕس بووم، ئەی پەروەردگار، بە هانام وەرە!» ئیتر چی بڵێم؟ ئەو پێی فەرمووم و ئەو خۆی کردی. بە بێفیزی بە هەموو ساڵانمدا دەڕۆم لەبەر تاڵاوی گیانم. ئەی پەروەردگار، مرۆڤ لەسەر ئەمانە دەژین، ژیانی ڕۆحیم لە هەموو ئەمانەدایە. تۆ منت چاککردەوە و ژیانت پێ بەخشیم. بێگومان سوودی بۆ من هەبوو کە تاڵی لەسەر تاڵیم چێشت. لە خۆشەویستیدا تۆ گیانی منت لە تەڵەی لەناوچوون ڕزگار کرد، چونکە هەموو گوناهەکانی منت فڕێدایە پشت خۆتەوە. جیهانی مردووان سوپاست ناکات و مردووانیش ستایشت ناکەن، هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە. زیندووان، تەنها زیندووان سوپاست دەکەن، باوکان دڵسۆزی تۆ بە منداڵەکانیان دەناسێنن. یەزدان ڕزگارم دەکات، هەموو ڕۆژانی ژیانمان مۆسیقا دەژەنین لە پەرستگای یەزدان.