ئیشایا 1:32-8
ئیشایا 1:32-8 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەوەتا پاشایەک بە ڕاستودروستی پاشایەتی دەکات و میرانیش بە دادوەری سەرۆکایەتی دەکەن، مرۆڤ وەک حەشارگەیەک دەبێت لە ڕووی با و وەک چەتر لە ڕووی لێزمەی باران، وەک جۆگەی ئاو لە شوێنێکی وشکدا و وەک سێبەری تاشەبەردێکی گەورە لە خاکی ماندووبووندا. چاوی بینەران کز نابێت و گوێی گوێگرەکان دەبیستێت. دڵی هەڵەشەکان دەزانن و تێدەگەن و زمانی زمانگرانەکان بە ڕوونی و ڕەوانی دەدوێن. ئیتر گێل بە «ڕێزدار» بانگ ناکرێت، بە فێڵبازیش ناگوترێت «خانەدان»، چونکە گێل بە گێلی دەدوێت و دڵیشی خراپە دەکات، بۆ ئەوەی گڵاوی ئەنجام بدات، لە دژی یەزدان بوختان هەڵدەبەستێت، بۆ ئەوەی برسی تێر نەبێت و تینوو لە خواردنەوە بێبەش بێت. ڕێبازی فێڵبازیش خراپە و پیلانی بەدکاری دەگێڕێت، هەتا بە قسەی درۆ کڵۆڵان تەفروتونا بکات ئەگەر قسەی نەدارانیش ڕاست بێت. بەڵام ڕێزدار بە ڕێزداری پلان دادەنێت و لەسەر ڕێزیش جێگیر دەبێت.