ئیشایا 8:30-26
ئیشایا 8:30-26 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و لە تۆمارێک نەخشی بکە، هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە شایەتێک بۆ هەتاهەتایە. ئەوان گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن، ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن. بە پێشبینیکەر دەڵێن: «پێشبینی مەکە!» بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن: «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە! قسەی لووسمان بۆ بکە، خەونی تەفرەدەر ببینە! لە ڕێگا لابدەن، ڕێچکە بەر بدەن، چیتر ڕووبەڕوومان مەکەنەوە لەگەڵ داواکارییەکانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!» لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و پشتتان پێیان بەست، لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت، ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت. وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت، لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.» یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت: «بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت، پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت، بەڵام نەتانویست، گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“ لەبەر ئەوە هەڵدێن! گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“ لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن! لە ڕووی نەڕەی یەک کەس هەزار کەس هەڵدێت، لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس هەمووتان هەڵدێن، هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.» بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت، لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە، چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە. خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن! ئەی گەلی سییۆن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە، پێیدا بڕۆن.» پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!» ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.