ئیشایا 12:14-21
ئیشایا 12:14-21 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە، ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار، کوڕی بەرەبەیان! بەرەو زەوی بڕایتەوە، ئەی بەزێنەری نەتەوەکان! تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت: «سەردەکەوم بۆ ئاسمان، لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە، لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم، لەسەر لووتکەی چافۆن. سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور، خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.» بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە، بەرەو قووڵایی بیری بێ بن. ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن، لێت ورد دەبنەوە: «ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند، شانشینەکانی هەژاند، ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی، شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد، ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟» هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان، هەریەکە و لە ئارامگای خۆی. بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە. دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان کە بە شمشێر لێیان دراوە، شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن. وەک لاشەی پێشێلکراو، لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت، چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد، گەلەکەی خۆتت کوشت. با توخمی خراپەکاران هەتاهەتایە ناویان نەیەت. سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن لەسەر تاوانی باوکانیان، با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.