لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:49-18

پەیدابوون 1:49-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە تاکو پێتان بڵێم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت. «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن، گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن. «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت، هێزی منیت و یەکەم توانامیت، سەری شانازی و سەری هێزی. هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت، چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت، گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم. «شیمۆن و لێڤی بران، بە چەکی توندوتیژی چەکدارن. من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان، سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان، چونکە لە کاتی تووڕەبوونیاندا مرۆڤیان کوشت و لە خۆشیشیاندا گایان لە پێ خست. نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە، لە هەڵچوونیان کەوا سەختە. لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم. «یەهودا، براکانت ستایشی تۆ دەکەن، دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت، کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن. بەچکە شێرە یەهودا، لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم. خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟ داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت، گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێوان قاچەکانی، هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی، گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن. نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە. جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ. چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و ددانەکانی لە شیر سپیترن. «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت، دەبێتە بەندەری کەشتییەکان، سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت. «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و لەنێوان دوو هەگبە مات بووە. بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و زەوییەکەی دڵگیرە، شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ. «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات، وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل. دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا، مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو، بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە. «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.