لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 13:48-22

پەیدابوون 13:48-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل و لێ نزیک کردنەوە. بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو. ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی: «ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی کرد، ئیبراهیم و ئیسحاق، ئەو خودایەی کە شوانایەتی کردووم لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ، ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە، ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات. با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن، با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.» کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت تاکو لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە. یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.» بەڵام باوکی ڕازی نەبوو و گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.» ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی: «بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات: ”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“» بەو شێوەیە ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە. ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان. منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمۆرییەکان وەرمگرت.»