لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 15:41-28

پەیدابوون 15:41-28 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. هەروەها دەربارەی تۆ بیستوومە کە کاتێک خەونێکت بۆ دەگێڕنەوە، دەتوانیت لێکی بدەیتەوە.» یوسف لە وەڵامی فیرعەوندا گوتی: «ئەوە من نیم، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.» ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و جوان هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە کە زۆر لەڕولاواز و ناشیرین بوون. لە هەموو خاکی میسر مانگای ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی ئەوانیان خوارد، پێیانەوە دیار نەبوو کە شتی وایان خواردووە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بە ئاگا هاتم. «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەسیان نەیانتوانی بۆم لێکبدەنەوە.» یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا بە تەمایە بیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. حەوت مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان کە دووەم جار هاتنە دەرەوە، ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی. «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت: خودا بە فیرعەونی نیشان داوە کە بە تەمایە چی بکات.