پەیدابوون 1:40-15
پەیدابوون 1:40-15 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
دوای ماوەیەک ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە پاشای میسری گەورەیان کرد. جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی، واتا لە سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان تووڕە بوو. ئیتر هەردووکیانی خستە ئەو زیندانەی کە لەناو ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان بوو، هەمان ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو. سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن. ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە. ئینجا ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون، هەردووکیان لە یەک شەودا خەونیان بینی. خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو. کاتێک بەیانی یوسف هاتە لایان، هەردووکیانی بە ماتومەلوولی بینی. ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟» وەڵامیان دایەوە: «هەردووکمان خەونمان بینیوە، بەڵام کەس نییە بۆمان لێکبداتەوە.» یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.» سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو. سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەرکە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ. جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون و جامەکەم دایە دەستی.» یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن. لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت. بەڵام کاتێک هەموو شتێکت بە باشی بەرەو پێش چوو، منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکە و لەلای فیرعەون ناوم بهێنە و لەم زیندانە دەرمبهێنە. من لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم و لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»