پەیدابوون 13:4-26
پەیدابوون 13:4-26 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم. ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.» بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد تاکو هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت. ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو. قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناو نا حەنۆخ. حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو. لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو. لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و خاوەن مەڕوماڵاتەکان بوون. براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا. چیلاش کوڕێکی بوو بە ناوی توبەل قەین، کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن دروست دەکران. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو. لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت: «عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت، ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن. پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم، لاوێکیش لەسەر ئەوەی زامداری کردم. ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە، بەڵام بۆ لامەخ، حەفتا و حەوت جار.» جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «لە جیاتی هابیل کە قایین کوشتی، خودا کوڕێکی دیکەی پێ بەخشیم.» هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش. لەو کاتەدا بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە.