پەیدابوون 1:38-14
پەیدابوون 1:38-14 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەهودا لەو سەردەمەدا براکانی بەجێهێشت و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو. لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت بە ناوی شوەع. ئیتر ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست. ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر. جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان. دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب بوو، ئەم کوڕەی بوو. یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو. بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد. ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.» بەڵام ئۆنان دەیزانی کە منداڵەکە نابێتە هی خۆی، بۆیە هەر کاتێک سەرجێیی لەگەڵ ژنی براکەی دەکرد، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە. ئەم کردارەی ئەو بەلای یەزدانەوە کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند. یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» لەبەر ئەوەی بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت. دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. پاش ئەوەی خەم و پەژارەیی لە دڵی یەهودا ڕەوییەوە، لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە. کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،» ئەویش جلوبەرگی بێوەژنیی داکەند و ڕووی خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە. پاشان لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە بینی وا شالەح گەورە بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی.