پەیدابوون 1:34-12
پەیدابوون 1:34-12 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە کچانی ئەو ناوچەیە بکەوێت. کاتێک شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوچەیە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد. دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد. شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە تاکو ببێتە ژنم.» یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد. حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات. کاتێک کوڕەکانی یاقوب بیستیانەوە چی ڕوویداوە، یەکسەر لە دەشتودەر هاتنەوە. زۆر ناڕەحەت و تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب، کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل کردبوو؛ کارێکی نەشیاو بوو. بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە. تکایە بیدەنێ ببێتە ژنی. ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن. دەتوانن لەناومان نیشتەجێ بن؛ خاکەکەمان لەبەردەمتانە. تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن و موڵکتان تێیدا هەبێت.» ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم. مارەیی و دیارییەکان هەرچەند بێت، ئەوەی داوای بکەن دەیدەم. تەنها کچەکەم بدەنێ با ببێتە ژنم.»