پەیدابوون 3:31-18
پەیدابوون 3:31-18 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.» یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی کە بێن بۆ لای بۆ ئەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە. پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە. خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە، کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات. کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو. خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من. «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵەکاندا خەونێکم دیت کە تێیدا چاوم هەڵبڕی و بینیم کە ئەو تەگانەی کە لە بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“ ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە. من خودای بێتئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“» ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟ مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ نە تەنها ئێمەی فرۆشت، بەڵکو ئەو پارەیەشی خوارد کە پێمان درابوو. هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.» ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد. هەموو مەڕوماڵات و ئەو شتانەی لە پەدان ئارام دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی و بەرەو خاکی کەنعان بۆ لای ئیسحاقی باوکی کەوتە ڕێ.