لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:30-13

پەیدابوون 1:30-13 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!» یاقوب لە ڕاحێل تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟» ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. سەرجێیی لەگەڵ بکە هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.» جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ تاکو ببێتە ژنی. یاقوبیش سەرجێیی لەگەڵی کرد. بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری کردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو و کوڕێکی پێدام.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان. دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی. کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی. زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. لێئە گوتی: «بەختێکی باش!» ئیتر ناوی لێنا گاد. زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. لێئەش گوتی: «خۆزگە بە من دەخوازرێت! لەبەر ئەوەی کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر.