لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 18:29-28

پەیدابوون 18:29-28 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یاقوب کە ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکت.» لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو. ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەکەم تەواو کرد، دەشمەوێت بیگوازمەوە.» لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد. بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش سەرجێیی لەگەڵی کرد. هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی. کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟» لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە کە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین. هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کارکردن دەدەینێ.» یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی.