لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:29-20

پەیدابوون 1:29-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی. یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.» پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟» گوتیان: «دەیناسین.» ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟» گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچیەتی کە مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.» گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.» ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.» هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، چووە پێشەوە و بەردی سەر بیرەکەی تل دا و مەڕەکانی ئاو دا. یاقوب ڕاحێلی ماچ کرد و دەنگی بەرز کردەوە و گریا. ئیتر یاقوب بە ڕاحێلی گوت کە ئەو خزمی باوکیەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند. هەرکە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. ئینجا یاقوب باسی هەموو ئەو شتانەی بۆ لابان کرد کە ڕوویان دابوو. لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.» لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر دەبێت بەخۆڕایی کارم بۆ بکەیت؟ پێم بڵێ دەبێت کرێیەکەت چی بێت؟» لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. یاقوب کە ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکت.» لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو.