پەیدابوون 12:26-33
پەیدابوون 12:26-33 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد و هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت، چونکە یەزدان بەرەکەتداری کرد. ئیتر ئیسحاق دەوڵەمەند بوو، بەردەوام سامانەکەی زیادی دەکرد، هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو. ئینجا بەهۆی ئەوەی کە بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش، فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد. هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو، فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو. ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت: «لەلای ئێمە بڕۆ، چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.» ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا و لەوێ نیشتەجێ بوو. ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو، هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون. خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە. بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان: «ئاوەکە هی ئێمەیە.» ئیتر بیرەکەی ناو نا عێسەق، چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی. ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند، بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان، لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا. ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند، کە ناکۆک نەبوون لەسەری. بۆیە ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت و گوتی: «ئێستا یەزدان شوێنێکی فراوانی پێ بەخشیوین و لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.» ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو. جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. لەبەر ئیبراهیمی بەندەم، بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم.» ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند. هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای. ئیسحاقیش لێی پرسین: «بۆچی هاتوون بۆ لام، لە کاتێکدا ڕقتان لێم بوو و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو، ئیتر گوتمان: ”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“ لەنێوان ئێمە و تۆ. با پەیمانت لەگەڵ ببەستین، کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت، وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد و لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت و بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت. ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.» ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن، ئیتر خواردیان و خواردیانەوە. بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد. ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن، ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن. ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئاومان دۆزییەوە.» ئەویش ناوی لێنا شیبعا، لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە.