لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 12:25-34

پەیدابوون 12:25-34 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە هاجەری میسری، کەنیزەکەی سارا، بۆ ئیبراهیمی بوو. ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار، ئەدبەئێل، میبسام، میشماع، دوما، مەسسا، حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما. ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، هەروەها ناوی دوازدە میرە خێڵەکییەکەن بەپێی هەوار و خێوەتگاکانیان. ئیسماعیل سەد و سی و حەوت ساڵ ژیا، ئینجا دواهەناسەی دا و مرد و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. نەوەکانی ئیسماعیل لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، لە نزیک سنووری میسر لەسەر ڕێگای ئەشوور. ئەوان دژی هەموو براکانیان بوون. ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن. ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای تاکو ببێتە ژنی. ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات. یەزدانیش پێی فەرموو: «دوو نەتەوە لە منداڵدانتن، دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە، گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت، گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.» کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک لە منداڵدانی بوو. ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، بۆیە ناویان لێنا عیسۆ. دوای ئەم براکەی لەدایک بوو، کە بە دەستی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، بۆیە ناویان لێنا یاقوب. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو. هەردوو کوڕەکە گەورە بوون. عیسۆ بووە ڕاوکەرێکی شارەزا و پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. ئیسحاق عیسۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی زیاتر خۆشدەویست. ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو. عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم. یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.» عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟» بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب. ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، پاشان هەستا و ڕۆیشت. بەو شێوەیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد.