لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:25-10

پەیدابوون 1:25-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو. لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون. کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون. ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق، بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی. ئیبراهیم سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا. ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، باوکیان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە بەرامبەر مەمرێیە و لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتیدایە، بە خاک سپارد. ئیبراهیم ئەو کێڵگەیەی لە حیتییەکان کڕیبوو. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا.