لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:19-14

پەیدابوون 1:19-14 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، لوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک لوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.» فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.» بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان. پێش ئەوەی بخەون، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەوری ماڵەکەیان دا. ئینجا لوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان تاکو لاقەیان بکەین.» لوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست. گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن. من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.» ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەم پیاوە خۆی وەک بێگانەیەک هاتووەتە نێومانەوە، کەچی دەیەوێت ببێتە دادوەر بەسەرمانەوە. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر فشاریان بۆ لوت هێنا و هاتنە پێشەوە تاکو دەرگاکە بشکێنن. بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و لوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست. ئەو پیاوانەشیان کوێر کرد کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکیان کەوت و نەیانتوانی دەرگاکە بدۆزنەوە. ئینجا دوو پیاوەکە بە لوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە؟ زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسێکی دیکەت لەم شارەدا هەیە، بیانبە دەرەوە، چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاوار لە دژی خەڵکەکەی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بۆیە ئێمەی ناردووە تاکو وێرانی بکەین.» ئیتر لوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ دەستگیرانی کچەکانی کرد و گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی دەستگیرانی کچەکانی.