پەیدابوون 1:17-11
پەیدابوون 1:17-11 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.» ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: «لەلایەن منەوە، ئەمە پەیمانی منە لەگەڵ تۆ: تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە. زۆر زۆریش بەردارت دەکەم و چەندین نەتەوەت لێ دروست دەکەم و پاشایانت لێ دەکەوێتەوە. پەیمانەکەم کە پەیمانێکی هەتاهەتاییە لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی تۆدا دەچەسپێنم، کە ببمە خودای تۆ و نەوەکانی تۆ. هەموو خاکی کەنعان، کە ئێستا وەک بێگانەیەک تێیدا نیشتەجێی، بۆ هەتاهەتایە بە موڵکی دەیدەمە تۆ و نەوەکانی تۆ؛ منیش دەبمە خودایان.» ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش لەلای خۆتەوە دەبێت پەیمانەکەم بەجێبهێنیت، خۆت و نەوە لە دوای نەوەشت. ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت: هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. خۆتان خەتەنە دەکەن، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە.