پەیدابوون 1:14-16
پەیدابوون 1:14-16 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لەو سەردەمەی کە ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم بوو، ئەم پاشایانە لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە جەنگێکیان بەرپا کرد. هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو. بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون. لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و پاشا هاوپەیمانەکانی هاتن و لە عەشترۆت قەرنەیم ڕفائییەکان و لە هام زوزییەکان و لە شاڤێ قیریاتەیم ئێمییەکانیان بەزاند. هەروەها حۆرییەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر بەزاند و هەتا ئێل پاران لە نزیک بیابان ڕۆیشتن. ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمۆرییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون. ئینجا پاشاکانی سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما، چەبۆئیم و بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. دۆڵی سیدیم پڕ بوو لە چاڵە قیر، بۆیە هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا لە کاتی هەڵاتندا کەوتنە نێو چاڵەکانەوە، بەڵام پاشاکانی دیکە بۆ چیاکان هەڵاتن. ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەک و خۆراکەکانی سەدۆم و عەمۆرایان برد و ڕۆیشتن. هەروەها لوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو. یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەمۆری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. کە شەو داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون و هێرشی بردە سەریان و تەفروتونای کردن و هەتا حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها لوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.