گەلاتیا 8:4-31
گەلاتیا 8:4-31 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
به‌ڵام له‌و كاته‌ی خوداتان نه‌ده‌ناسی، كۆیله‌ی ئه‌وانه بوون كه به سروشت خوداوه‌ند نین. به‌ڵام ئێستا خودا ده‌ناسن، ڕاستتریش له‌لای خوداوه ناسران، ئایا چۆن دیسان ده‌گه‌ڕێنه‌وه لای بنه‌ما لاواز و هه‌ژاره‌كان كه ده‌تانه‌وێ سه‌رله‌نوێ ببنه‌وه كۆیله‌ی ئه‌وانه؟ ئایا بایه‌خ به ڕۆژ و مانگ و وه‌رز و ساڵان ده‌ده‌ن؟ ده‌ترسم به‌خۆڕایی له پێناوتان ماندووبووبم. برایان، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه، وه‌ک من بن، چونكه منیش وه‌كو ئێوه‌م لێهات. هه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵم نه‌كردووه. به‌ڵام ده‌زانن له یه‌كه‌مجاردا به لاوازیی جه‌سته موژده‌م پێدان، ئه‌زموونی جه‌سته‌ییم بۆ ئێوه بوو، به چاوێكی سووک سه‌یرتان نه‌كردم و ڕقتان لێم نه‌بووه‌وه، به‌ڵكو وه‌ک فریشته‌یه‌كی خودا په‌سه‌ندتان كردم، وه‌ک ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌و خۆشییه‌تان چی به‌سه‌رهات؟ چونكه گه‌واهیتان بۆ ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر بتانتوانیبایه چاوی خۆتان ده‌رده‌هێنا و ده‌تاندامێ. ئایا ئێستا بوومه دوژمنی ئێوه، چونكه ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم؟ ئه‌وانه دڵگه‌رمن بۆ ئێوه، نیازیان باش نییه، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت بتانترازێنن تاكو بۆ ئه‌وان دڵگه‌رم بن. دڵگه‌رمی شتێكی باشه، ئه‌گه‌ر هه‌موو كاتێ به مه‌به‌ستێكی پاک بێت، نه‌ک ته‌نها ئه‌و كاته‌ی من له‌گه‌ڵتان بم. ڕۆڵه‌كانم، جارێكی دیكه له پێناوتان ژانی منداڵبوون ده‌چێژم، تاكو وێنه‌ی مه‌سیح له ژیانتان به‌رجه‌سته بێت، به‌ڵام ده‌مویست ئێستا له‌گه‌ڵتان بم، تاكو به شێوه‌یه‌كی دیكه له‌گه‌ڵتان بدوێم، چونكه سه‌رم له ئێوه سوڕماوه. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی حه‌زده‌كه‌ن له ژێر سایه‌ی ته‌ورات بن، پێم بڵێن: ئایا ته‌ورات نابیستن؟ چونكه نووسراوه كه ئه‌وڕاهه‌م دوو كوڕی هه‌بووه، یه‌كێكیان له كه‌نیزه‌كه، ئه‌وی دیكه‌یان له ئازاده‌كه. ئه‌وه‌ی له كه‌نیزه‌كه بوو به‌گوێره‌ی جه‌سته له‌دایكبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئازاده‌كه، به به‌ڵێن بووه. هه‌موو ئه‌وانه‌ش هێمان. چونكه ئه‌مانه دوو په‌یمانه‌كه‌ن، یه‌كێكیان له شاخی سینه‌یه، بۆ كۆیلایه‌تی منداڵی ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هاجه‌ره. چونكه هاجه‌ر شاخی سینه‌یه له عه‌ره‌بستان، ئه‌و یروشلایمه‌ی ئێستا ده‌نوێنێت، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی كۆیله‌ن. به‌ڵام یروشلایمی سه‌ره‌وه ئازاده، كه دایكی هه‌موومانه، چونكه نووسراوه: “دڵشادبه ئه‌ی نه‌زۆک، ئه‌وه‌ی منداڵت نه‌بووه، به ده‌نگی به‌رز هاوار بكه، ئه‌وه‌ی ژانی منداڵبوون نازانیت، چونكه منداڵی ژنی به‌جێهێڵدراو زیاتره له‌وه‌ی مێردی له‌گه‌ڵیه‌تی”. به‌ڵام ئێمه، برایان، وه‌ک ئسخه‌ق منداڵی به‌ڵێنین. جا چۆن له كاتێكدا ئه‌وی به‌گوێره‌ی جه‌سته له‌دایكبوو، ئه‌وه‌ی چه‌وسانده‌وه كه به‌گوێره‌ی ڕووح له‌دایكببوو، ئێستاش ئاوایه. به‌ڵام سیپاره‌كه چی ده‌فه‌رمووێ؟: “كه‌نیزه‌كه و كوڕه‌كه‌ی قاوبده، چونكه كوڕی كه‌نیزه‌كه له‌گه‌ڵ كوڕی ئازاده‌كه میراتگر نابێت”. كه‌واته برایان، ئێمه ڕۆڵه‌ی كه‌نیزه‌كه نین، به‌ڵكو ڕۆڵه‌ی ئازاده‌كه‌ین.
گەلاتیا 8:4-31 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بەڵام ئەو کاتەی کە خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خودا نین. بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، ئایا چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما سەرەکییە لاواز و هەژارەکان؟ ئایا دەتانەوێ سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەی ئەوانە؟ ئایا بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرز و ساڵی تایبەت دەدەن؟ دەترسم بەخۆڕایی لە پێناوتان ماندووبووبم. خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، وەکو من بن، چونکە من خۆم وەکو ئێوەم لێهات. هەڵەتان لەگەڵم نەکردووە. هەروەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە بوو کە یەکەم جار مژدەم پێدان، نەخۆشییەکەم تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نەبوو بۆتان، بەڵام بە چاوێکی سووک سەیرتان نەکردم و ڕقتان لێم نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەی خودا، وەک عیسای مەسیح پێشوازیتان لێکردم. ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ. ئایا ئێستا بوومەتە دوژمنی ئێوە، چونکە ڕاستیتان پێ دەڵێم؟ ئەوانەی کە دڵگەرمن بۆ ئێوە، نیازیان باش نییە، چونکە دەیانەوێت لە ئێمەتان بترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن. دڵگەرمی شتێکی باشە، ئەگەر هەموو کاتێک بە مەبەستێکی پاک بێت، نەک تەنها ئەو کاتەی من لەگەڵتانم. ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، جارێکی دیکە لە پێناوتاندا ژانی منداڵبوون دەچێژم، هەتا وێنەی مەسیح لە ژیانتاندا بەرجەستە دەبێت، بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵتان بدوێم، چونکە سەرم لە ئێوە سوڕماوە. ئەی ئەوانەی حەز دەکەن لەژێر سایەی شەریعەتدا بن، پێم بڵێن، ئایا تەورات نابیستن؟ چونکە نووسراوە کە ئیبراهیم دوو کوڕی هەبووە، یەکێکیان لە کۆیلەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە. ئەوەی لە کۆیلەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە. هەموو ئەمانەش هێمان، چونکە ئەو دوو ژنە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سیناوەیە، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە. هاجەر هێمایە بۆ شاخی سینا لە عەرەبستان، ئەو ئۆرشەلیمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن. بەڵام ئۆرشەلیمی سەرەوە ئازادە، دایکی ئێمەیە، چونکە نووسراوە: ﴿ئەی نەزۆک، دڵشادبە، ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە، ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە، لە خۆشی‌دا بە دەنگی بەرز هاوار بکە، چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی.﴾ بەڵام ئێوە، خوشکان و برایان، وەک ئیسحاق منداڵی بەڵێنن. جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە. بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿کەنیزەکە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی کەنیزەکە لەگەڵ کوڕی ئازادەکە نابێتە میراتگر.﴾ کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین.