لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گەلاتیا 10:3-29

گەلاتیا 10:3-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پشت به‌ كرداری ته‌ورات ده‌به‌ستن، له‌ ژێر نه‌فره‌تدان، چونكه‌ نووسراوه‌: “هه‌ر كه‌سێک له‌ هه‌موو نووسراوی سیپاره‌كانی ته‌ورات جێگیر نه‌بێت بۆ په‌یڕه‌وكردن، نه‌فره‌ت لێكراوه‌”. ئاشكرایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خودا كه‌س به‌ ته‌ورات بێتاوان ناكرێت، چونكه‌: “بێتاوان به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت”. به‌ڵام ته‌ورات پشت به‌ باوه‌ڕ نابه‌ستێت، به‌ڵكو: “ئه‌وه‌ی بیانكات، پێیان ده‌ژیێت”. مه‌سیح ئێمه‌ی له‌ نه‌فره‌تی ته‌ورات كڕییه‌وه‌، به‌وه‌ی له‌ پێناوماندا بووه‌ نه‌فره‌ت چونكه‌ نووسراوه‌: “هه‌ر كه‌سێک له‌سه‌ر دار هه‌ڵبواسرێت نه‌فره‌ت لێكراوه‌”. تاكو له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا داڕشتی ئه‌وڕاهه‌م بۆ نه‌ته‌وه‌كان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باوه‌ڕ به‌ڵێنی ڕووحه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنین. برایان، با په‌ندیه‌كی مرۆڤانه‌تان بۆ بهێنمه‌وه‌: ئه‌گه‌ر یه‌كێک په‌یمانێكی مۆركراوی پێ بێت، كه‌س ناتوانێت پووچه‌ڵی بكاته‌وه‌ یاخود شتێكی بخاته‌ سه‌ر. هه‌روه‌ک به‌ڵێنه‌كان بۆ ئه‌وڕاهه‌م و نه‌وه‌كه‌ی وتراوه‌. نافه‌رمووێت: “به‌ نه‌وه‌كان” وه‌ک ئه‌وه‌ی زۆر بن، به‌ڵكو “به‌ نه‌وه‌ی تۆ”، واتا یه‌ک، ئه‌وه‌ی مه‌سیحه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌: ئه‌و ته‌وراته‌ی پاش چوار سه‌د و سی ساڵ هات، په‌یمانی چه‌سپاوی پێشووی خودا به‌تاڵ ناكاته‌وه‌، تاكو به‌ڵێنه‌كه‌ بشكێنێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر میرات به‌ ته‌ورات هه‌بێت، ئیتر به‌ به‌ڵێن نییه‌. به‌ڵام خودا به‌ به‌خششی خۆی به‌ڵێنی به‌ ئه‌وڕاهه‌م دا. كه‌واته‌ ته‌ورات بۆ چییه‌؟ به‌ سه‌رپێچیكردنه‌كان زیادكراوه‌، تاكو ئه‌و كاته‌ی نه‌وه‌ی به‌ڵێنپێدراو دێت، به‌ ڕێگای فریشته‌كان به‌ ده‌ستی نێوانگرێک ڕێكخرا. نێوانگر ته‌نها نوێنه‌ری یه‌ک لایه‌ن نییه‌، به‌ڵام خودا یه‌كه‌. ئایا ته‌ورات دژی به‌ڵێنه‌كانی خودایه‌؟ حاشا! چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌وراتێک بدرابایه‌ توانای ژیان به‌خشینی هه‌بووایه‌، ئه‌وا به‌ ڕاستی بێتاوانبوون به‌ ته‌ورات ده‌بوو. به‌ڵام په‌رتووكه‌كه‌ هه‌مووی كردۆته‌ به‌ندی گوناه‌، تاكو ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ باوه‌ڕ دراوه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیح، بدرێته‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بێت، له‌لایه‌ن ته‌وراته‌وه‌ به‌ند كرابووین، له‌ ژووره‌وه‌ كرابووین تاكو ئاشكراكردنی باوه‌ڕه‌كه‌ی داهاتوو. كه‌واته‌، تاكو هاتنی مه‌سیح ته‌ورات ته‌مبێكارمان بوو، تاكو به‌ باوه‌ڕ بێتاوان بكرێین. به‌ڵام دوای هاتنی باوه‌ڕ، ئێمه‌ ئیتر له‌ ژێر سایه‌ی ته‌مبێكار نین. چونكه‌ هه‌مووتان به‌ باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح ڕۆڵه‌ی خودان، چونكه‌ هه‌مووتان كه‌ له‌ مه‌سیحدا عه‌مادكراون مه‌سیحتان پۆشیوه‌. جوو و یۆنانی نییه‌، كۆیله‌ و ئازاد نییه‌، نێر و مێ نییه‌، چونكه‌ هه‌مووتان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا یه‌كن. جا ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بۆ مه‌سیح بن، ئه‌وا له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من و به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ میراتگرن.

گەلاتیا 10:3-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.﴾ ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: ﴿ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.‏﴾ بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾ مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: ﴿هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.﴾ ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین. خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر. هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام ﴿بە نەوەی تۆ،﴾ واتا یەک، ئەوەی مەسیحە. مەبەستم ئەمەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت، چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا. کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێندراو دێت، لە ڕێگەی فریشتەکانەوە بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک ڕێکخرا. پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە. ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ حاشا! چونکە ئەگەر شەریعەتێک هەبووایە بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەوا ڕاستودروستی بە شەریعەتی تەورات دەبوو. بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه، تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن. پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین. هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە، چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد. جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.