حزقیێل 13:47-23
حزقیێل 13:47-23 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «بەپێی ئەم سنوورە خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن بەسەر دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل، یوسفیش دوو بەشی بەردەکەوێت، بۆتان دەبێت بە میرات، هەریەکە بەقەد براکەی، سوێندم خوارد بیدەمە باوباپیرانی ئێوە و ئەم خاکە دەبێتە میراتتان. «ئەمە سنووری خاکەکەیە: «لەلای باکوور لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە ڕێگای حەتلۆن دەروازەی حەمات تێ دەپەڕێت هەتا دەگاتە چەداد و بێرۆتا و سیڤرەیم کە لەنێوان سنووری دیمەشق و سنووری حەماتە و حەچەر هەتیخۆن کە لەسەر سنووری حەورانە. سنووریش لە دەریاوە هەتا حەچەر عێینان درێژ دەبێتەوە، بە باکووری شاری دیمەشقدا دەڕوات هەتا باشووری هەرێمی حەمات. ئەمە شێوەی سنووری باکوور دەبێت. لای ڕۆژهەڵاتیش لە دیمەشقەوە هەتا حەوران دەپێون، پاشان کەناری ڕووباری ئوردون کە لەنێوان گلعاد و خاکی ئیسرائیلە، هەروەها دەریای مردوو هەتا تامار. ئەمە لای ڕۆژهەڵاتە. لای باشووریش، سنوورەکە لە تامارەوە هەتا مێرگی مەریبای قادێش دەڕوات، پاشان بە درێژایی دۆڵی میسر هەتا دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش لای باشوورە. لای ڕۆژئاواش، دەریای سپی ناوەڕاست لە سنوورەکەوە هەتا بەرامبەر دەروازەی حەمات، ئەمەش لای ڕۆژئاوایە. «ئەم زەویانە بەپێی هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان بەش دەکەن. بە تیروپشک میراتەکە دابەش دەکەن بۆ خۆتان و بۆ ئەو نامۆیانەشی لەنێوتان نیشتەجێ بوون کە لەنێوتان منداڵیان دەبێت، لەناو نەوەی ئیسرائیل وەک هاوڵاتی هەژمارد دەکرێن، لەناو هۆزەکانی ئیسرائیل میراتتان لەگەڵ بەش دەکەن. نامۆکە لە سنووری هەر هۆزێک نیشتەجێ دەبێت، لەوێش میراتی دەدەنێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.