لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

حزقیێل 1:22-16

حزقیێل 1:22-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم دەدەیت، حوکم بەسەر شارە خوێنڕێژەکە دەدەیت؟ بەڵکو شارەکە ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە. بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئەو شارەی کە لە ناوەڕاستیدا خوێن دەڕێژێت، نەهامەتی بەسەر خۆیدا دەهێنێت، بە دروستکردنی بت خۆی گڵاو دەکات، بەو خوێنەی ڕشتت تاوانبار بوویت، خۆتت گڵاوکرد بەو بتانەی دروستت کردوون. بەو جۆرە ڕۆژگاری خۆتت کورت کردەوە و کۆتاییت بەسەر خۆتدا هێنا، لەبەر ئەوە لەلای نەتەوەکان تۆم کرد بە شورەیی، جێگای تانە و تەشەری هەموو خاکەکان. ئەی شاری بەد ناو، ئەی پڕ لە ئاژاوە، ئەوەی لێت نزیکە و ئەوەی لێت دوورە گاڵتەت پێ دەکات. «”سەیر بکە چۆن هەریەکە لەو میرانەی ئیسرائیل کە لەناو تۆدان دەسەڵاتی خۆی بۆ خوێنڕشتن بەکاردەهێنێت. لەناو تۆدا سووکایەتییان بە دایک و باوک کردووە. لەناو تۆدا بە ستەم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئاوارەدا کردووە. لەناو تۆدا هەتیو و بێوەژنیان چەوساندووەتەوە. تۆ سووکایەتیت بە شتە پیرۆزکراوەکانی من کردووە و شەممەکانی منت گڵاو کردووە. لەناو تۆدان پیاوانی دووزمان و بوختانکەر بۆ خوێنڕشتن، لەناو تۆدان ئەوانەی لە نزرگەی سەر چیاکان دەخۆن و بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن. لەناو تۆدان ئەوانەی کە ناموسی باوکیان دەبەن، لەناو تۆدان ئەوانەی کە دەست درێژ دەکەنە سەر ژن لە کاتی گڵاوییەکەی بەهۆی خوێنلێچوونی مانگانەی. پیاو لەگەڵ ژنی نزیکەکەی کاری قێزەونی ئەنجام دەدات، پیاوی دیکەش بووکی خۆی بە بەدڕەوشتی گڵاو دەکات. لەناو تۆدا مرۆڤ دەست درێژ دەکاتە سەر خوشکی خۆی، کچی باوکی. لەناو تۆدان ئەوانەی کە بەرتیل وەردەگرن بۆ خوێنڕشتن، هەروەها تۆ سوو و قازانج لە گرانکردنی نرخی شتومەک وەردەگریت. بە ستەم نزیکەکانی خۆتت ڕووتاندووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش منت لەبیر کردووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. «”لەبەر ئەو خوێنەی لەناو تۆدا ڕژا، سەیر بکە مشتم دەوەشێنم لەو قازانجە ناڕەوایەی کردووتە. ئایا دڵت بەرگە دەگرێت یان دەستت بەهێز دەبێت لەو ڕۆژانەی هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم؟ من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. بەنێو نەتەوەکان پەرتەوازەت دەکەم، بەسەر خاکەکاندا بڵاوت دەکەمەوە، گڵاوییەکانت لێ دادەماڵم. ئەو کاتەی لەبەرچاوی نەتەوەکان خۆتت گڵاو کردووە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.“»