لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 4:16-20

دەرچوون 4:16-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە ئاسمانەوە نانتان بۆ دەبارێنم، گەلیش دەبێت بچنە دەرەوە و هەر ڕۆژە و پێویستی ئەو ڕۆژە هەڵبگرنەوە. بەم شێوەیە تاقییان دەکەمەوە ئاخۆ بەگوێرەی فێرکردنەکەم دەڕۆن یان نا. ئەوە دەبێت لە ڕۆژی شەشەم ئەوەی دەیهێنن ئامادەی بکەن، ئیتر دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ڕۆژانە هەڵیدەگرنەوە.» جا موسا و هارون بە هەموو نەوەی ئیسرائیلیان گوت: «ئێوارە دەزانن کە یەزدان ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا. بەیانیش شکۆی یەزدان دەبینن لە گوێگرتنی لە بۆڵەبۆڵتان لە دژی یەزدان، بەڵام ئێمە چین تاکو لە دژمان بۆڵەبۆڵ بکەن؟» موسا گوتی: «ئێوە بەوە دەزانن کە یەزدانە کاتێک ئێواران گۆشتتان دەداتێ و بەیانیان نانتان دەداتێ بیخۆن، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو لە دژی. بەڵام ئێمە کێین؟ بۆڵەبۆڵتان لە دژی ئێمە نییە، بەڵکو لە دژی یەزدانە.» موسا بە هارونی گوت: «بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”نزیک ببنەوە بۆ بەردەم یەزدان، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو.“» ئەوە بوو لەو کاتەی هارون لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل دەدوا، ئاوڕیان دایەوە بەرەو چۆڵەوانی و بینییان شکۆمەندی یەزدان لەناو هەور دەبینرێت. یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو، لەگەڵیان بدوێ و بڵێ: ”ئێواران گۆشت دەخۆن و بەیانی تێر نان دەبن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“» ئەوە بوو لە ئێوارە سوێسکە بەرز بوونەوە و ئۆردوگاکەیان داپۆشی، بەیانیش شەونم لە دەوروبەری ئۆردوگا کەوتبوو. کاتێک شەونمە کەوتووەکەش بەرزبووەوە، بینییان وا لەسەر ڕووی چۆڵەوانییەکە شتێکی وردی وەک توێکڵ، ورد وەک زوقم لەسەر زەوییەکەیە. کاتێک نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بینی بە یەکتریان گوت: «ئەوە چییە؟» چونکە نەیاندەزانی چییە. موساش پێی گوتن: «ئەوە ئەو نانەیە کە یەزدان بە ئێوەی داوە بۆ ئەوەی بیخۆن. ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”با هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لێی هەڵبگرێتەوە، ئۆمرێک بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان هەریەکە بۆ ئەوانەی لە چادرەکەی ئەون دەیباتەوە.“» نەوەی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد و زۆر و کەم هەڵیانگرتەوە. بەڵام کاتێک بە ئۆمر پێوایان، نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی هەڵیگرتەوە. موسا پێی گوتن: «هیچ کەس لێی نەمێنێتەوە بۆ بەیانی.» بەڵام گوێیان لە موسا نەگرت، بەڵکو هەندێک خەڵک لێیان هێشتەوە بۆ بەیانی، جا کرم لێیدا و کەڕووی کرد، موساش لێیان تووڕە بوو.