دەرچوون 10:14-20
دەرچوون 10:14-20 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، ئیتر زۆر ترسان و هاواریان بۆ یەزدان کرد. بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی بۆ ئەوەی بمرین؟ ئەمە چی بوو پێت کردین کە ئێمەت لە میسر هێنایە دەرەوە؟ ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟» موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە ئەو میسریانەی کە ئەمڕۆ دەیانبینن، ئیتر بۆ هەتاهەتایە نایانبیننەوە. یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.» یەزدان بە موسای فەرموو: «چییە هاوارم بۆ دەکەیت؟ بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با کۆچ بکەن. تۆش گۆچانەکەت بەرز بکەرەوە و دەستت بۆ سەر دەریاکە درێژ بکە و لێکی بکەرەوە، بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە ناوەڕاستی دەریاکەدا و بەسەر زەوییەکی وشکدا بپەڕنەوە. ئەوەتا منیش دڵی میسرییەکان ڕەق دەکەم، ئەوانیش بەدوایاندا دێن، منیش شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و بۆ هەموو سوپاکەی و گالیسکە و سوارەکانی. میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی.» ئینجا فریشتەکەی خودا کە لەپێش سوپای ئیسرائیلییەکانەوە دەڕۆیشت شوێنەکەی گواستەوە و لە دوایانەوە ڕۆیشت، ستوونە هەورەکەش لەپێشیانەوە گواستییەوە و لە دواوەیان وەستا. هاتە نێوان لەشکری میسرییەکان و سوپای ئیسرائیلییەکان، ئیتر هەورەکە بە درێژایی شەو تاریکی بۆ لایەک هێنا و ڕووناکی بۆ لایەکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شەو هیچیان نزیکی یەکتر نەبوونەوە.