لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئەستێر 1:1-12

ئەستێر 1:1-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی پاشایەتی ئەحەشوێرۆش بوو، ئەو ئەحەشوێرۆشەی کە لە هیندستانەوە هەتا کوش فەرمانڕەوایەتی سەد و بیست و حەوت هەرێمی دەکرد. لەو کاتەدا ئەحەشوێرۆشی پاشا لەسەر تەختی پاشایەتییەکەی دادەنیشت کە لە قەڵای شوش بوو. لە ساڵی سێیەمی پاشایەتییەکەی، خوانێکی سازکرد بۆ هەموو سەرکردە و کاربەدەستەکانی. سەرکردەکانی سوپای فارس و ماد و میر و فەرمانڕەوای هەرێمەکان تێیدا ئامادە بوون. ماوەی سەد و هەشتا ڕۆژ پاشا دەوڵەمەندیی و بێ هاوتایی پاشایەتییەکەی و شکۆ و مەزنیی خۆی نیشان دا. پاش تێپەڕینی ئەو ماوەیە، پاشا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ خوانێکی بۆ هەموو چین و توێژێکی خەڵک سازکرد، ئەوانەی لە قەڵای شوش دەژیان، لە باخچەی داخراوی کۆشکی پاشا. گۆڕەپانەکە بە پەردەی سپی و مۆری کەتان ڕازێنرابووەوە، بە گوریسی کەتانی سپی و گوریسی قوماشی ئەرخەوانی لەناو بازنەی زیو هەڵواسرابوو، لەسەر کۆڵەکەی مەڕمەڕ. سەکۆیەکان لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، زەوییەکە بە بەردی حەلان و مەڕمەڕ و دوڕ و بەردی گرانبەها شۆستەی بۆ دروستکرابوو. خواردنەوەش بە جامی زێڕینی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرا، شەرابی شاهانەش بەقەد بەخشندەیی پاشا زۆر بوو. پاشا فەرمانی بە لێپرسراوانی کۆشک کرد کەس گلەیی لە خواردنەوە نەبێت، هەرکەسە بەگوێرەی ویستی خۆی بێت. هەروەها ڤەشتیی شاژنیش لە کۆشکی شاهانەی ئەحەشوێرۆشی پاشا خوانێکی بۆ ئافرەتان سازکرد. لە ڕۆژی حەوتەم کاتێک ئەحەشوێرۆشی پاشا بە شەراب مەست بوو، فەرمانی کرد بەو حەوت کاربەدەستەی کە خزمەتیان دەکرد، واتا مێهومان و بیزتا و حەرڤۆنا و بیگتا و ئەڤەگتا و زێتەر و کەرکەس، کە ڤەشتیی شاژن بە تاجی شاهانەکەوە بهێنن بۆ بەردەم پاشا، بۆ ئەوەی جوانییەکەی پیشانی گەل و سەرکردەکان بدرێت، چونکە ڕوخساری جوان بوو. بەڵام کاتێک کاربەدەستەکان فەرمانەکەی پاشایان پێ ڕاگەیاند، ڤەشتیی شاژن ڕازی نەبوو بێت. لەبەر ئەوە پاشا زۆر ڕقی هەستا و لە تووڕەیی خۆیدا گڕی گرت.

هاوبەشی بکە
ئەستێر 1 بخوێنەوە