ژیرمەندی 1:7-14
ژیرمەندی 1:7-14 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون. چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار، چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە، زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە. وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە، چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە. دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە. گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە لە گوێگرتن لە گۆرانیی گێلەکان، چونکە پێکەنینی پیاوی گێل، وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵدا. ئەمەش هەر بێ واتایە. زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات. کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی، پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە. لە ناخەوە زوو پەست مەبە، چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە. مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟» چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت. دانایی باشە وەک میرات و بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن. دانایی پەناگایە وەک چۆن پارەش پەناگایەکە، بەڵام ئەمە سوودی زانینە: دانایی ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی. تەماشای کاری خودا بکە: کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟ لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە، بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە خودا هەردووکیانی دروستکردووە. ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.