ژیرمەندی 4:5-17
ژیرمەندی 4:5-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەگەر نەزرێکت بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە. باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت. ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟ زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە. ئەگەر بینیت لە هەرێمێکدا هەژار ستەمی لێ کرا و ڕاستودروستی و دادپەروەری پشتگوێ خرا، ئەوا سەرسام مەبە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرزتر دەپارێزێت و بەرزتریش لەوان هەردووکیان دەپارێزێت. بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت. ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت، ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت، هەروەها ئەمەش بێ واتایە. بە زیادبوونی خێروبێر زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن. ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە، جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟ خۆشە خەوی کارگەر، کەم بخوات یان زۆر، بەڵام تێریی دەوڵەمەند ڕێ بە خەو نادات. خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم: سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکەی، ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو، ئینجا کوڕێکی بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت. وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە، بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات. هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات لەگەڵ دەستی کە دەڕوات. ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە: هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت، ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت چ قازانجێک دەکات؟ هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات، لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.