دانیال 4:10-13
دانیال 4:10-13 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی یەکدا کاتێک لەسەر کەناری ڕووبارە گەورەکە بووم کە دجلەیە، سەرم هەڵبڕی و تەماشام کرد، پیاوێک کەتانی لەبەردا بوو، پشتێنێکی زێڕی ئوفازیشی لە کەمەری بەستبوو. لەشی وەک زەبەرجەد، ڕووی وەک شێوەی بروسکە، چاوەکانی وەک چرای ئاگر، قۆڵ و قاچەکانی وەک بریسکەی بڕۆنزی سافکراو بوون و هەروەها دەنگیشی وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر بوو. من کە دانیالم، بە تەنها من بینینەکەم بۆ ئاشکرا کرا، ئەو پیاوانەی لەگەڵمدا بوون نەیانبینی، بەڵام ترسێکی گەورە لەسەریان نیشت، ڕایانکرد و خۆیان شاردەوە. جا من بە تەنها مامەوە و تەماشای ئەم بینینە گەورەیەم دەکرد. هێزم تێدا نەما و ڕووم ڕەنگی مردووی لێ نیشت، لە پەلوپۆ کەوتم. گوێم لە قسەکانی بوو، لەو کاتەش کە گوێم لێی دەگرت، چوومە ناو خەوێکی قووڵەوە، ڕووشم ڕووەو زەوی بوو. دەستێکم بەرکەوت و بە لەرزەوە لەسەر دەست و ئەژنۆم داینام. پێی گوتم: «ئەی دانیال، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە! ئەو قسەیەی کە پێت دەڵێم لێی تێبگە و هەستە سەر پێت، چونکە من ئێستا نێردراوم بۆ لای تۆ.» کە بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ کردم، بە لەرزەوە هەستامە سەر پێ. پێی گوتم: «ئەی دانیال، مەترسە. لەبەر ئەوەی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە مکوڕ بوویت تێبگەیت و لەبەردەم خوداکەت خۆتت زەلیل کرد، پاڕانەوەکەت بیسترا، منیش لەبەر ئەمانە هاتووم. سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی شانشینی فارس ماوەی بیست و یەک ڕۆژ بەرەنگارم بووەوە، ئینجا میکائیل کە یەکێک لە سەرۆک فریشتەکانە بۆ هاریکاریم هات، چونکە من لەوێ لەلای پاشای فارس دواخرابووم.