ئامۆس 1:5-17
ئامۆس 1:5-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم: «ئیسرائیلی پاکیزە کەوت، جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە، فڕێدرایە سەر خاکەکەی، کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟» سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت: «ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت، سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە، ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت، دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.» لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕوو لە من بکەن و بژین، ڕوو لە بێتئێل مەکەن و مەچن بۆ گلگال و بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە، چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و بێتئێل دەبێتە نەبوو.» ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین، ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف، ئاگرەکەش دانیشتووانی بێتئێل دەخوات و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە. ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت، ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن! ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە، سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات، ئاوی دەریا بانگ دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت، ناوی یەزدانە، ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت. ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و بەشە گەنمی لێ دەستێنن، ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە، تێیاندا دانانیشن، ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە، لە شەرابەکەی ناخۆنەوە. دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن، گوناهەکانتان گەورەن. ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران، مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن. لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت، چونکە کاتێکی خراپە. دوای چاکە بکەون نەک خراپە، بۆ ئەوەی بژین، جا وا دەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت، وەک خۆتان گوتتان. ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت، دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن، ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت. لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: «لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“ جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان. لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت، چونکە بە ناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.