ئامۆس 1:5-13
ئامۆس 1:5-13 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم: «ئیسرائیلی پاکیزە کەوت، جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە، فڕێدرایە سەر خاکەکەی، کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟» سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت: «ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت، سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە، ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت، دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.» لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕوو لە من بکەن و بژین، ڕوو لە بێتئێل مەکەن و مەچن بۆ گلگال و بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە، چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و بێتئێل دەبێتە نەبوو.» ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین، ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف، ئاگرەکەش دانیشتووانی بێتئێل دەخوات و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە. ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت، ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن! ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە، سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات، ئاوی دەریا بانگ دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت، ناوی یەزدانە، ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت. ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و بەشە گەنمی لێ دەستێنن، ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە، تێیاندا دانانیشن، ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە، لە شەرابەکەی ناخۆنەوە. دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن، گوناهەکانتان گەورەن. ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران، مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن. لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت، چونکە کاتێکی خراپە.