لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 21:9-43

کردار 21:9-43 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیستیان سه‌رسام ببوون و وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ناوبرد كه‌ له‌ یروشلایم باسی ئه‌م ناوه‌یان ده‌كرد؟ بۆ ئه‌مه‌ش نه‌هاته‌ ئێره‌، تاكو به‌ به‌ندكراوی بۆ كاهینانی باڵا بیانبات!” به‌ڵام شاوول به‌هێزتر ده‌بوو، جووی دانیشتووی دره‌مسوقی سه‌رگه‌ردان ده‌كرد و ده‌ریده‌خست كه‌ “ئه‌مه‌ مه‌سیحه‌”. كاتێ ڕۆژانێكی زۆر به‌سه‌رچوو، جووه‌كان ڕاوێژیان كرد تا بیكوژن، شاوولیش به‌ پیلانه‌كه‌یانی زانی. شه‌و و ڕۆژ چاودێری ده‌روازه‌كانیان ده‌كرد تاكو بیكوژن. جا قوتابییه‌كان به‌ شه‌و بردییان و له‌نێو سه‌به‌ته‌یه‌ک له‌ شووره‌كه‌وه‌ شۆڕیان كرده‌وه‌. كاتێ شاوول هاته‌ یروشلایم، هه‌وڵی دا بچێته‌ پاڵ قوتابییه‌كان، هه‌مووان لێی ده‌ترسان و باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد كه‌ قوتابییه‌. جا به‌رنڤا بردی و هێنایه‌ لای په‌یامبه‌ران، بۆی گێڕانه‌وه‌ چۆن له‌ ڕێگادا په‌روه‌ردگاری بینیوه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌، هه‌روه‌ها چۆن له‌ دره‌مسوق به‌ئاشكرا باسی ناوی ئیشۆعی كردووه‌. ئیتر له‌گه‌ڵیان له‌ یروشلایم ده‌هات و ده‌چوو، به‌ئاشكرا باسی ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاری ده‌كرد. هه‌روه‌ها قسه‌ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ جووه‌ یۆنانییه‌كان ده‌كرد، ئه‌وانیش هه‌وڵیان دا بیكوژن. كاتێ برایان به‌مه‌یان زانی بردییانه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و بۆ ته‌رسوسیان نارد. وارگه‌كانی هه‌موو ئیهوود و گلیلا و شمرن ئاشتییان هه‌بوو، بنیاد ده‌نرا و به‌ ترسی په‌روه‌ردگار ده‌ڕۆیشت، به‌ دڵنه‌وایی ڕووحی پارساش له‌ زیادبووندا بوو. ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌تڕۆس به‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا تێده‌په‌ڕی، بۆ لای پارساكانی لۆد دابه‌زی. له‌وێ كابرایه‌كی بینی ناوی ئینیاس بوو، هه‌شت ساڵ له‌نێو جێگا كه‌وتبوو، ئیفلیج بوو. په‌تڕۆس پێی وت: “ئینیاس، ئیشۆعی مه‌سیح چاكت ده‌كاته‌وه‌. هه‌سته‌ جێگا بۆ خۆت ڕابخه‌!” یه‌كسه‌ر هه‌ستا. هه‌موو دانیشتوانی‌ لۆد‌ و شارون داده‌نیشتن بینییان، ئیتر به‌ره‌و په‌روه‌ردگار گه‌ڕانه‌وه‌. قوتابییه‌كی كچ له‌ یۆپێ هه‌بوو ناوی تابیتا بوو، واتا ئاسک، پڕبوو له‌ چاكه‌كاری و خێركردن. ئه‌وه‌بوو له‌و ڕۆژانه‌دا نه‌خۆش كه‌وت و مرد، جا شۆردیان و له‌ ژوورێكی سه‌ره‌وه‌ دایاننا. لۆدیش له‌ یۆپێ نزیک بوو، قوتابییه‌كانیش بیستیان په‌تڕۆس له‌وێیه‌، دوو پیاویان بۆ نارد و تكایان لێكرد كه‌ له‌ هاتن بۆ لایان دوانه‌كه‌وێت. په‌تڕۆسیش هه‌ستا و له‌گه‌ڵیان هات، كاتێ گه‌یشت، بردییانه‌ ژووری سه‌ره‌وه‌، هه‌موو بێوه‌ژنه‌كان له‌لای وه‌ستان، ده‌گریان و ئه‌و كراس و جلانه‌یان پیشانی ده‌دا كه‌ ئاسكه‌ كاتێ له‌گه‌ڵیان بوو كردبووی. په‌تڕۆس هه‌مووانی نارده‌ ده‌ره‌وه‌ چۆكی دادا و نوێژی كرد، ئینجا ئاوڕی دایه‌ ته‌رمه‌كه‌ و وتی: “تابیتا، هه‌سته‌!” ئه‌ویش چاوی كرده‌وه‌، كاتێ په‌تڕۆسی بینی دانیشت. ئیتر ده‌ستی بۆ ڕاكێشا و هه‌ڵیساند، ئینجا پارساكان و بێوه‌ژنانی بانگكرد و به‌ زیندوویی ڕاده‌ستی كردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو یۆپێ زانرا و زۆریش باوه‌ڕیان به‌ په‌روه‌ردگار هێنا. ڕۆژانێكی زۆریش په‌تڕۆس له‌ یۆپێ له‌لای شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌رێک مایه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
کردار 9 بخوێنەوە

کردار 21:9-43 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە هەمان ئەو کەسە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوەوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟» بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحەکەیە. پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن، بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن. بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردیان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شوورای شارەکەوە شۆڕیان کردەوە. کاتێک شاول گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە بووبێتە قوتابی. بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە. ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند. هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن. کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردیانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد. کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو. کاتێک کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی. لەوێ پیاوێکی ئیفلیجی بینی کە ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ بوو لەناو جێگادا کەوتبوو. پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە و جێگاکەت کۆبکەوە!» دەستبەجێ هەستا. هەموو دانیشتووانی لودە و شارون بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە. قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتا ئاسک، کە هەمیشە خەریکی کاری چاکە و یارمەتیدانی هەژاران بوو. ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا. لودە لە یافاوە نزیک بوو، ئیتر کە قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان نارد بۆ لای و تکایان لێکرد و گوتیان: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.» پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردیانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای ڕاوەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کردبووی لەو کاتەی لەگەڵیان بوو. پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت. ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە. ئەم هەواڵە بە هەموو یافادا بڵاو بووەوە و زۆر کەس باوەڕیان بە مەسیح هێنا. پەترۆس چەندین ڕۆژ لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە کە ناوی شیمۆن بوو.

هاوبەشی بکە
کردار 9 بخوێنەوە