لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 34:5-42

کردار 34:5-42 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ڵام په‌ڕیشییه‌ک ناوی گه‌ملیئێل بوو، ڕابیی ته‌ورات و ڕێزدار بوو له‌لای هه‌موو گه‌ل، له‌ سه‌نهه‌دریم هه‌ستا و فه‌رمانی دا بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م په‌یامبه‌ران ببردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئینجا پێی وتن: “پیاوانی ئیسڕائیل، ئاگاداری خۆتان بن له‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ به‌م پیاوانه‌ی بكه‌ن. چونكه‌ پێش ئه‌م ڕۆژانه‌ توداس هه‌ستا و خۆی به‌ شتێک داده‌نا، نزیكه‌ی چوار سه‌د پیاو لێی كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام كوژرا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوای كه‌وتبوون بڵاو بوونه‌وه‌، بوونه‌ هیچ. دوای ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆژانی ناونووسینه‌كه‌دا ئیهوودای گلیلای هه‌ستا و خه‌ڵكانێكی به‌دوای خۆیدا له‌خشته‌ برد، ئه‌ویش له‌ناوچوو و ئه‌وانه‌ی دوای كه‌وتبوون په‌رته‌وازه‌ بوون. ئێستاش پێتان ده‌ڵێم: له‌م پیاوانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ و لێیانگه‌ڕێن! چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ یاخود ئه‌م كاره‌ له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بێت، ئه‌وا تێكده‌چێت. ئه‌گه‌ریش له‌ خوداوه‌ بێت، ناتوانن تێكی بده‌ن، ئه‌گینا خۆتان ده‌بیننه‌وه‌ دژی خودا ده‌جه‌نگن”. جا به‌ قسه‌یان كرد، ئیتر په‌یامبه‌رانیان بانگكرد و قامچییان لێدان، ڕایانسپاردن ناوی ئیشۆع نه‌هێنن، ئینجا ئازادیان كردن. به‌ڵام ئه‌وان به‌ دڵشادییه‌وه‌ له‌به‌رده‌م سه‌نهه‌دریم ده‌رچوون، چونكه‌ وا دانران شایانی ئه‌وه‌ بن بۆ ناوی ئه‌و سووكایه‌تییان پێ بكرێت. ئیتر هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا و له‌ ماڵاندا، خه‌ڵكیان فێرده‌كرد و موژده‌ی ئیشۆعی مه‌سیحیان ده‌دا.

هاوبەشی بکە
کردار 5 بخوێنەوە

کردار 34:5-42 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڵام فەریسییەک بە ناوی گەمالائیل کە مامۆستای تەورات بوو و هەموو گەل ڕێزیان دەگرت، لە ئەنجومەنی باڵا هەستا و فەرمانی کرد کە نێردراوان بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە. پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، ئاگاداری خۆتان بن لەوەی دەتانەوێ بەم پیاوانەی بکەن. ماوەیەک لەمەوبەر سوداس دەرکەوت و خۆی بە شت دەزانی، هەروەها نزیکەی چوار سەد پیاوی لێ کۆبوونەوە، بەڵام کوژرا و هەموو ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاو بوونەوە و ئاسەواریان نەما. دوای ئەمەش لە کاتی ناونووسینەکەدا یەهوزای جەلیلی هەستا و خەڵکانێکی بەدوای خۆیدا لەخشتە برد، ئەویش لەناوچوو و ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاوبوونەوە. ئێستاش ئامۆژگاریتان دەکەم، لەم پیاوانە دوور بکەونەوە و وازیان لێ بهێنن، چونکە ئەگەر ئەم بیروباوەڕە و کارە لە خەڵکەوە بێت، تێکدەچێت. بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت، ناتوانن تێکی بدەن، ئەگینا خۆتان دەبیننەوە لە دژی خودا دەجەنگن.» وتەکانی قایلی کردن، بۆیە نێردراوانیان بانگکرد و فەرمانیان دا کە بدرێنە بەر قامچی. ئینجا فەرمانیان پێکردن ناوی عیسا نەهێنن و ئازادیان کردن. ئیتر نێردراوان بە دڵشادییەوە لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا هاتنە دەرەوە، چونکە بە شیاوی ئەوە دانران کە لە پێناو ناوی عیسادا سووکایەتییان پێ بکرێت. ئیتر هەموو ڕۆژێک لە حەوشەکانی پەرستگا و لە ماڵاندا، بێوچان خەڵکیان فێردەکرد و مزگێنییان دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.

هاوبەشی بکە
کردار 5 بخوێنەوە