لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 4:4-12

کردار 4:4-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

زۆر له‌وانه‌ی قسه‌كانیان بیست باوه‌ڕیان هێنا و ژماره‌ی پیاوان گه‌یشته‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار. بۆ به‌یانی پێشه‌وایان و پیران و ته‌وراتزانه‌كان له‌ یروشلایم كۆبوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خه‌ننه‌ن كاهینی باڵا و قه‌یاپا و یوخه‌ننه‌ن و ئه‌سكه‌نده‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ تیره‌ی كاهینی باڵا بوون. كاتێ په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان له‌ناوه‌ڕاست ڕاگرت، پرسیان لێكردن: “به‌ چ هێزێک و به‌ چ ناوێک ئه‌مه‌تان كرد؟” جا په‌تڕۆس پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا، پێی وتن: “ئه‌ی پێشه‌وایانی گه‌ل و ئه‌ی پیران، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر چاكه‌یه‌ک بۆ په‌ككه‌وته‌یه‌ک كراوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ چی چاكبووه‌ته‌وه‌، با له‌لای هه‌مووتان و هه‌موو گه‌لی ئیسڕائیل زانراو بێت، به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی ناسڕه‌تی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌خاچتان دا و خوداش له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئه‌م كابرایه‌ به‌و ته‌ندروستییه‌ له‌به‌رده‌متان ڕاوه‌ستاوه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و {به‌رده‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ی وه‌ستا سووكایه‌تیان پێ كرد، ئه‌وه‌ی بووه‌ به‌ردی قولینچك} . بێجگه‌ له‌و ڕزگاربوون نییه‌، چونكه‌ ناوێكی دیكه‌ له‌ ژێر ئاسماندا نییه‌ له‌نێو خه‌ڵكدا درابێت، به‌وه‌وه‌ ڕزگار بین”.

هاوبەشی بکە
کردار 4 بخوێنەوە

کردار 4:4-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڵام زۆر لەوانەی گوێیان لە قسەکان بوو باوەڕیان هێنا و ژمارەی پیاوان گەیشتە پێنج هەزار. بۆ بەیانی پێشەوایان و پیران و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، لەگەڵ حەنای سەرۆکی کاهینان و قەیافا و یۆحەنا و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی سەرۆکی کاهینان بوون. پەترۆس و یۆحەنایان لە ناوەڕاست ڕاگرت و پرسیاریان لێکردن: «بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟» لەو کاتەدا پەترۆس پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز، پێی گوتن: «ئەی پێشەوایانی گەل و ئەی پیران، ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک کە بۆ پەککەوتەیەک کراوە، لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکەن و لێمان دەپرسن کە بە چی چاک بووەتەوە، ئەوا با لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسرائیل زانراو بێت، بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەیی، ئەم ئیفلیجە کە بەو تەندروستییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە چاک بووەوە، بە ناوی ئەو عیسایەی کە ئێوە لە خاچتان دا و خوداش لەناو مردووان هەڵیستاندەوە. ئەمە «﴿ئەو بەردەیە کە ئێوەی وەستا ڕەتتان کردەوە، ئەوەی بوو بە گرنگترین بەردی بناغە‏.﴾ بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین.»

هاوبەشی بکە
کردار 4 بخوێنەوە