لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:28-15

کردار 1:28-15 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌ ڕزگاریان بوو زانییان كه‌ ئه‌و دوورگه‌یه‌ پێی ده‌ووترێ میلیتایه‌. دانیشتووانه‌كه‌ی كه‌ به‌ربه‌ری بوون چاكه‌یه‌كی له‌ ڕادده‌به‌ده‌ریان له‌گه‌ڵ كردین، چونكه‌ ئاگریان بۆ كردینه‌وه‌ و پێشوازییان له‌ هه‌موومان كرد، له‌به‌ر ئه‌و باران و سه‌رمایه‌ی لێیدابووین. پۆڵۆس چیلكه‌ی زۆری كۆكرده‌وه‌ و خستییه‌ ئاگره‌كه‌، مارێک له‌به‌ر گه‌رماییه‌كه‌ ده‌رپه‌ڕی و خۆی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ هه‌ڵواسی. كاتێ به‌ربه‌ریه‌كان ماره‌كه‌یان بینی خۆی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ هه‌ڵواسی بوو، به‌ یه‌كتریان وت: “دیاره‌ ئه‌م كابرایه‌ بكوژه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ده‌ریا ڕزگاری بوو، دادپه‌روه‌ری نه‌یهێشت بژیێت”. ماره‌كه‌ی ڕاوه‌شانده‌ نێو ئاگره‌كه‌ و تووشی هیچ زیانێک نه‌بوو. ئه‌وانیش چاوه‌ڕێیان ده‌كرد بئاوسێت یان له‌ناكاو به‌ مردوویی بكه‌وێت. به‌ڵام زۆر چاوه‌ڕێیان كرد و بینییان هیچ زیانێكی لێ نه‌كه‌وت، ئه‌وسا بیروڕایان گۆڕی و وتیان: “ئه‌مه‌ خوداوه‌ندێكه‌!”. ده‌وروبه‌ری ئه‌و شوێنه‌ زه‌وی وزاری پیاوگه‌وره‌ی دوورگه‌كه‌ بوو كه‌ ناوی پۆپلیۆسه‌، ئه‌و پێشوازی لێكردین و سێ ڕۆژ به‌ خۆشییه‌وه‌ میوانداری كردین. وا ڕێككه‌وت باوكی پۆپلیۆس كه‌وتبوو، تا و سكچوونی لێبوو. پۆڵۆس چووه‌ لای و نوێژی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و چاكیكرده‌وه‌. كاتێ ئه‌مه‌ ڕوویدا، نه‌خۆشه‌كانی دیكه‌ی دوورگه‌كه‌ ده‌هاتن و چاک ده‌بوونه‌وه‌، ئیتر به‌ زۆر شێوه‌ ڕێزیان گرتین، له‌ به‌ڕێكه‌وتن هه‌رچی پێویستی بوو دابینیان كرد. دوای سێ مانگ به‌ كه‌شتییه‌كی ئه‌سكه‌نده‌ری به‌ڕێكه‌وتین، كه‌ زستانی له‌ دوورگه‌كه‌ به‌سه‌ربردبوو، نیشانه‌ی دووانه‌ی له‌سه‌ر بوو. كاتێ له‌ سه‌ره‌قۆسه‌ دابه‌زین سێ ڕۆژ ماینه‌وه‌. ئینجا له‌وێ ڕۆیشتین و گه‌یشتینه‌ ڕیگییۆن. دوای یه‌ک ڕۆژ بای باشوور هه‌ڵیكرد، له‌ ڕۆژی دووه‌مدا هاتینه‌ پوتیئلوس. له‌وێ برایانمان بینی، داوایان لێكردین حه‌فت ڕۆژ بمێنینه‌وه‌. ئاوا هاتینه‌ ڕۆما. له‌وێوه‌ كه‌ برایان هه‌واڵی ئێمه‌یان بیست، تاكو گۆڕه‌پانی ئاپیۆس سێ خانه‌كه‌ هاتنه‌ پیشوازیمان. كاتێ پۆڵۆس بینییانی سوپاسی خودای كرد و وره‌ی به‌رزبووه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
کردار 28 بخوێنەوە

کردار 1:28-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کە ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو دوورگەیە پێی دەگوترێ ماڵتا. دانیشتووانەکەی چاکەیەکی لە ڕادەبەدەریان لەگەڵ کردین. ئاگریان بۆ کردینەوە و پێشوازییان لە هەموومان کرد، چونکە باران دەباری و کەشوهەوا سارد بوو. پۆڵس هەندێک چیلکەی کۆکردەوە و خستییە ئاگرەکە، تیرەمارێک لەبەر گەرماییەکە دەرپەڕی و خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی. کاتێک خەڵکەکە تیرەمارەکەیان بینی خۆی بە دەستییەوە هەڵواسیوە، بە یەکتریان گوت: «بێگومان ئەم کابرایە بکوژە، هەرچەندە لە دەریا ڕزگاری بوو، بەڵام خوداوەندی دادپەروەری ناهێڵێت بژیێت.» بەڵام پۆڵس تیرەمارەکەی ڕاوەشاندە ناو ئاگرەکە و تووشی هیچ زیانێک نەبوو. ئەوانیش چاوەڕێیان دەکرد بئاوسێت یان لەناکاو بە مردوویی بکەوێت. بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و بینییان هیچی بەسەرنەهات، ئەوسا بیروڕایان گۆڕی و سەبارەت بە پۆڵس گوتیان: «ئەمە خوداوەندێکە!» دەوروبەری ئەو شوێنە زەوی و زاری پیاوگەورەی دوورگەکە بوو کە ناوی پۆبلیۆسە. ئەو پێشوازی لێکردین و سێ ڕۆژ بە خۆشییەوە میوانداری کردین. وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس لەناو جێگادا کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە. کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە. ئیتر بە زۆر شێوە ڕێزیان گرتین، کە بەڕێکەوتین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردین. دوای سێ مانگ بە کەشتییەکی ئەسکەندەری بەڕێکەوتین، کە زستانی لە دوورگەکە بەسەربرد بوو؛ کەشتییەکە وێنەی دوو خوداوەندی جمکی بە ناوی کاستۆر و پۆلوکس لەسەر بوو. کاتێک لە سیراکۆسا دابەزین، سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە. ئینجا لەوێ ڕۆیشتین و گەیشتینە ڕیگیۆم. بۆ بەیانی بای خواروو هەڵیکرد، لە ڕۆژی دووەم هاتینە پوتیۆلی. لەوێ برایانمان دۆزییەوە، داوایان لێکردین هەفتەیەک بمێنینەوە. بەم شێوەیە هاتینە ڕۆما. لەوێوە کە برایان هەواڵی ئێمەیان بیست، تاکو گۆڕەپانی ئەپیۆس و سێ خانەکە هاتنە پیشوازیمان. کاتێک پۆڵس بینییانی سوپاسی خودای کرد و ورەی بەرزبووەوە.

هاوبەشی بکە
کردار 28 بخوێنەوە