لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:27-44

کردار 1:27-44 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێک بڕیار درا به‌ ده‌ریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵۆس و هه‌ندێک به‌ندكراوی دیكه‌ درانه‌ ده‌ست سه‌رپه‌لێک له‌ سوپای قه‌یسه‌ڕ ناوی یولیۆس بوو. سواری كه‌شتییه‌كی ئه‌دره‌منتۆسی بووین، كه‌ به‌ته‌مابوو به‌ چه‌ند شوێنێكی ئاسیادا بڕوات، جا به‌ڕێكه‌وتین. ئه‌ریسته‌رخۆسی ماقیدۆنیمان له‌گه‌ڵ‌بوو، خه‌ڵكی تسلۆنیقێ. بۆ به‌یانی گه‌یشتینه‌ سه‌یده‌ن. یولیۆس له‌گه‌ڵ پۆڵۆس باش بوو، ڕێگای دا بچێته‌ لای براده‌رانی تاكو پێویستییه‌كانی دابین بكه‌ن. ئینجا له‌وێوه‌ به‌ڕێكه‌وتین و به‌ په‌نای قوبڕسدا ڕۆیشتین، چونكه‌ با پێچه‌وانه‌ بوو. كه‌ ئه‌و ده‌ریایه‌مان بڕی، ئه‌وه‌ی له‌ ته‌نیشت قیلیقیا و په‌مپۆلیایه‌، له‌ میرای لوقیا دابه‌زین. له‌وێ سه‌رپه‌له‌كه‌ كه‌شتییه‌كی بینی كه‌ ئه‌سكه‌نده‌ری بوو ده‌چووه‌ ئیتالیا، سواری كردین. كه‌شتییه‌كه‌ ڕۆژانێكی زۆر به‌ هێواشی ده‌ڕۆیشت و به‌ زه‌حمه‌ت له‌ قنیدۆس نزیک كه‌وتینه‌وه‌، باكه‌ نه‌یهێشت زیاتر بڕۆین، به‌ په‌نای قرێتێدا و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌له‌مۆنا ڕۆیشتین. به‌ ڕه‌نجكێشان تێپه‌ڕمان كرد و گه‌یشتینه‌ شوێنێک پێی ده‌ووترێ به‌نده‌ره‌ باشه‌كان، كه‌ شاری له‌سائیه‌ نزیكییه‌تی. كاتێ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌سه‌ر چوو و گه‌شتكردنی ده‌ریا ترسناک بوو، چونكه‌ ڕۆژووگرتنیش به‌سه‌رچوو بوو. پۆڵۆس ئاگاداری كردنه‌وه‌ و وتی: “كوڕینه‌، من ده‌بینم گه‌شته‌كه‌ به‌ تێكشكان و زیانێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌بێت، نه‌ک ته‌نها بۆ كه‌شتی و باره‌كه‌ی، به‌ڵكو بۆ ژیانیشمان”. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ لایه‌نگری كه‌شتیوان و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كرد، زیاتر له‌ قسه‌ی پۆڵۆس. چونكه‌ به‌نده‌ره‌كه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی زستان باش نه‌بوو، زۆربه‌یان بڕیاریان دا ئه‌وێش به‌جێبهێڵن، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ فینكس تاكو زستانی تێدا به‌سه‌رببه‌ن، كه‌ به‌نده‌رێكی قرێتێ بوو ڕووه‌و باشووری خۆرهه‌ڵات و باكووری خۆرئاوا. كه‌ شنه‌بای باشوور هه‌ڵیكرد، وایانزانی به‌ مرازیان گه‌یشتن، له‌نگه‌ریان به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ نزیک كه‌ناری قرێتێدا تێده‌په‌ڕین. به‌ڵام دوای كه‌مێک گه‌رده‌لوولێک هه‌ڵیكرد، پێی ده‌ووترا ئهورۆكلیدۆن. كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و نه‌یتوانی ڕووبه‌ڕووی بێته‌وه‌، خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ دا و هاژووراین. به‌ره‌و په‌نای دوورگه‌یه‌ک چووین ناوی كله‌ودی بوو، به‌ زه‌حمه‌ت توانیمان كه‌شتیی ڕزگاربوون بخه‌ینه‌ ژێر ڕكێفمانه‌وه‌. كاتێ به‌رزیان كرده‌وه‌، گوریسیان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ به‌كارهێنا. ده‌ترسان بكه‌ونه‌ نێو ته‌نكاوی سیرتیس، ئیتر چارۆگه‌كانیان دابه‌زاند و ئاوا هاژووراین. بۆ سبه‌ینێ ڕه‌شه‌باكه‌ توند بوو، ده‌ستیان به‌ سووككردنی باره‌كه‌ كرد. له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا به‌ ده‌ستی خۆمان كه‌لوپه‌لی كه‌شتییه‌كه‌مان فڕێدا. ڕۆژانێكی زۆر نه‌ خۆرمان بینی و نه‌ ئه‌ستێره‌، ڕه‌شه‌باكه‌ به‌هێزتر ده‌بوو، له‌ كۆتاییدا هه‌موو هیوایه‌كی ڕزگاربوونمان بڕا. كاتێ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نانیان نه‌خواردبوو، پۆڵۆس له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و وتی: “كوڕینه‌، ده‌بووایه‌ گوێتان له‌ من بگرتایه‌ و قرێتێتان به‌جێ نه‌هێشتایه‌، ئه‌وسا له‌م تێكشكان و زیانه‌ دوور ده‌بوون. ئێستاش ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دڵخۆش بن، چونكه‌ كه‌ستان ژیانی له‌ده‌ست نادات، كه‌شتییه‌كه‌ نه‌بێت. چونكه‌ ئه‌مشه‌و فریشته‌ی ئه‌و خوداوه‌نده‌ی كه‌ من هی ئه‌وم و ده‌یپه‌رستم هاته‌ لام، فه‌رمووی: پۆڵۆس مه‌ترسه‌! ده‌بێت تۆ له‌به‌رده‌م قه‌یسه‌ڕ ڕاوه‌ستیت و ئه‌وه‌تا خودا ژیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ت ده‌داتێ كه‌ له‌گه‌ڵت گه‌شت ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ كوڕینه‌، دڵخۆش بن. چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ خودا هه‌یه‌ كه‌ ئاوا ده‌بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێم وتراوه‌. به‌ڵام ده‌بێت بكه‌وینه‌ سه‌ر دوورگه‌یه‌ک”. له‌ شه‌وی چوارده‌یه‌میندا كه‌ هێشتا له‌ ده‌ریای هدرییوس وێڵ بووین و ده‌هاژووراین، له‌ نیوه‌ شه‌ودا كه‌شتیوانان وایانزانی له‌ وشكایی نزیک ده‌بنه‌وه‌. كه‌ پێوایان بینییان بیست باڵایه‌. كه‌مێک ڕۆیشتن و پێوایانه‌وه‌ بینییان پازده‌ باڵایه‌. ده‌ترسان نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ سه‌ر به‌رد، له‌ پشته‌وه‌ چوار له‌نگه‌ریان شۆڕكرده‌وه‌ و ده‌پاڕانه‌وه‌ تاكو ڕۆژ هه‌ڵبێت. كه‌شتیوانان هه‌وڵیان دا له‌ كه‌شتییه‌كه‌ هه‌ڵبێن، كه‌شتیی ڕزگاربوونیان بۆ ده‌ریا شۆڕكرده‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چه‌ند له‌نگه‌رێک بهاوێنه‌ پێشه‌وه‌. پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌ل و سه‌ربازه‌كانی وت: “ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا نه‌مێننه‌وه‌، ئه‌وا ئێوه‌ ڕزگارتان نابێت”. ئه‌وسا سه‌ربازه‌كان گوریسی كه‌شتیه‌كه‌یان بڕی و هێشتیان بكه‌وێت. كاتێ خه‌ریک بوو ڕۆژ هه‌ڵده‌هات، پۆڵۆس تكای له‌ هه‌مووان كرد نان بخۆن، وتی: “ئه‌مه‌ ڕۆژی چوارده‌یه‌مینه‌ و ئێوه‌ چاوه‌ڕوان و به‌رده‌وامن بێ ئه‌وه‌ی هیچ بخۆن و هیچ وه‌ربگرن. بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م نان بخۆن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاربوونتانه‌. كه‌ستان تاڵێكی سه‌ری ناكه‌وێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، نانێكی هه‌ڵگرت و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا له‌تیكرد و ده‌ستی به‌ خواردن كرد. ئیتر هه‌موو دڵیان خۆش بوو و ئه‌وانیش نانیان برد. ئه‌وانه‌ی نێو كه‌شتییه‌كه‌ هه‌موومان دوو سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش كه‌س بووین. كه‌ تێر نانیان خوارد، به‌ فڕێدانی گه‌نمه‌كان بۆ نێو ده‌ریا كه‌شتییه‌كه‌یان سووككرد. كاتێ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، وشكاییه‌كه‌یان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام كه‌نداوێكیان بینی كه‌ناری هه‌بوو، ده‌یانویست ئه‌گه‌ر بتوانن كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ببه‌ن. ئینجا له‌نگه‌ره‌كانیان پساند و له‌ ده‌ریادا به‌جێیان هێشتن، له‌ هه‌مان كات گوریسی سه‌وڵه‌كانی ئاراسته‌كردنیان شل كرد و چارۆگه‌یان بۆ با هه‌ڵكردووه‌كه‌ هه‌ڵدا، به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ ڕۆیشتن. به‌ڵام كه‌وته‌ ته‌نكاو و كه‌شتییه‌كه‌یان به‌ره‌و وشكایی برد، كه‌ پێشه‌كه‌ی گیربوو و نه‌جووڵا، له‌به‌ر توندی شه‌پۆڵ پشته‌وه‌ی تێكده‌شكا. پلانی سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ندكراوان بكوژن نه‌وه‌ک كه‌سیان مه‌له‌ بكات و هه‌ڵبێت. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ ده‌یویست پۆڵۆس ڕزگار بكات، پلانه‌كه‌ی ڕاگرتن، فه‌رمانی دا ئه‌وانه‌ی ده‌توانن مه‌له‌ بكه‌ن با یه‌كه‌مجار ئه‌وان خۆیان فڕێده‌ن و بگه‌نه‌ وشكایی. ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان به‌ ته‌خته‌ و هه‌ندێكیان به‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌. ئیتر هه‌موو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌ وشكایی.

هاوبەشی بکە
کردار 27 بخوێنەوە

کردار 1:27-44 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک بە ناوی یولیۆس کە لە سوپای ئیمپراتۆر بوو. سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین و بەڕێکەوتین، کە دەیویست بۆ چەند بەندەرێکی ئاسیا بڕوات. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، کە خەڵکی سالۆنیکییا بوو. بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن. ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو. کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین. لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین. کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەلمۆن ڕۆیشتین. بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە. لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر، گەشتی دەریایی ترسناک بوو، چونکە ڕۆژی کەفارەت بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.» بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس. لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا. کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین. بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد. تۆفانەکە ئێمەی بەرەو پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە. کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد. بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد. لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا. ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، هەتا دەهات ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا. کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون. ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، تەنها کەشتییەکە تێکدەشکێت، چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم، هاتە لام و گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“ کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم. بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.» لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە. کە پێوایان بینییان بیست باڵایە. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە. دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت. کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە. پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.» ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت. کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن و گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن. بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.» کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد. ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد. ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین. کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد. کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن. ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن. بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا. پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت. بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس بپارێزێت، بۆیە پلانەکەی ڕاگرتن و فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی، ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە خۆیان بگەیەننە وشکانی. بەو شێوەیە هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.

هاوبەشی بکە
کردار 27 بخوێنەوە