لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 12:26-23

کردار 12:26-23 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌وه‌دا به‌ ده‌سه‌ڵات و ڕاسپارده‌ی كاهینانی باڵا چوومه‌ دره‌مسوق. جا ئه‌ی پاشا، له‌ نیوه‌ڕۆدا به‌ ڕێگاوه‌ ڕووناكییه‌كم له‌ ئاسمانه‌وه‌ بینی، دره‌وشاوه‌تر له‌ تیشكدانه‌وه‌ی خۆر، ده‌وروبه‌ری من و هاوڵانمی ڕووناک كرده‌وه‌. كاتێ هه‌موومان كه‌وتینه‌ سه‌ر زه‌وی. گوێم له‌ ده‌نگێک بوو به‌ زمانی عیبری پێی فه‌رمووم: شاوول، شاوول، بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ بۆت زه‌حمه‌ته‌ لوشكه‌ له‌ نه‌قیزه‌ من بده‌یت. منیش وتم: تۆ كێیت گه‌وره‌م؟ فه‌رمووی: من ئیشۆعم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. به‌ڵام هه‌سته‌ و له‌سه‌ر پێیه‌كانت ڕاوه‌سته‌. چونكه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بۆت ده‌ركه‌وتم، تاكو وه‌ک ڕاژه‌وان و گه‌واهیده‌ر هه‌ڵتبژێرم بۆ ئه‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی تیایدا بۆت ده‌رده‌كه‌وم. ڕزگارت ده‌كه‌م له‌و گه‌ل و له‌و نه‌ته‌وانه‌ی تۆیان بۆ ده‌نێرم بۆئه‌وه‌ی چاویان بكه‌یته‌وه‌، تاكو له‌ تاریكی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕووناكی، له‌ ده‌سه‌ڵاتی شه‌یتان بۆ خودا، ئه‌وسا به‌ باوه‌ڕیان به‌ من لێخۆشبوونی گوناه‌ وه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵ پارساكان به‌شیان ده‌بێت. له‌وساوه‌ سه‌رپێچی بینینی ئاسمانیم نه‌كردووه‌، ئه‌ی شا ئه‌گریپاس، به‌ڵكو یه‌كه‌مجار بۆ دانیشتووانی دره‌مسوق و یروشلایم ڕامگه‌یاند، تاكو هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ئیهوود، ئینجا نه‌ته‌وه‌كانیش تۆبه‌ بكه‌ن و بۆ خودا بگه‌ڕێنه‌وه‌، كردارێک بكه‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ جووه‌كان له‌ په‌رستگادا منیان گرت و هه‌وڵیان دا بمكوژن. به‌ڵام له‌ خوداوه‌ یارمه‌تیم ده‌ستكه‌وت و تاكو ئه‌مڕۆ وه‌ستاوم، گه‌واهیی بۆ گه‌وره‌ و بچووک ده‌ده‌م. ته‌نها ئه‌مه‌ ده‌ڵێم كه‌ پێغه‌مبه‌ران و مووشێ ده‌رباه‌ری ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات وتوویانه‌، كه‌ مه‌سیحه‌كه‌ ئازار بچێژێت، یه‌كه‌می هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان بێت، خه‌ریكه‌ ڕووناكی بۆ گه‌له‌كه‌ و نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یه‌نێت”.

هاوبەشی بکە
کردار 26 بخوێنەوە

کردار 12:26-23 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«جارێکیان بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق. جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە. هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.“ «منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“ «مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم. ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو ناجولەکانەی تۆیان بۆ دەنێرم تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“ «ئەی شا ئەگریپاس، لەو کاتە بەلاوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە. یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق، پاشان ئۆرشەلیم و هەموو ناوچەکانی یەهودیا و دواتر بە ناجولەکەکانم ڕاگەیاند، کە تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و لە ڕێگەی هەڵسوکەوتیانەوە تۆبەکردنەکەیان دەربخەن. لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن. بەڵام هەتا ئەمڕۆش خودا یارمەتی داوم، بۆیە وەستاوم و شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە، کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت و یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت و ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.»

هاوبەشی بکە
کردار 26 بخوێنەوە