لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 14:2-28

کردار 14:2-28 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ یازده‌كه‌ ڕاوه‌ستا، ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی پیاوانی جوو و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ یروشلایم دانیشتوون، با ئه‌مه‌ له‌لاتان زانراو بێت و گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن، چونكه‌ وه‌ک بیرده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رخۆش نین، چونكه‌ كاژێر سێی ڕۆژه‌! به‌ڵكو به‌هۆی یۆئیل پێغه‌مبه‌ر وتراوه‌: {خودا ده‌فه‌رمووێ: له‌ ڕۆژانی پایاندا ڕووحم‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئاده‌میزاداندا ده‌ڕێژم. كوڕان و كچانتان پێشبینی ده‌كه‌ن، گه‌نجه‌كانتان بینین ده‌بینن، پیره‌كانتان خه‌ون ده‌بینن. ته‌نانه‌ت به‌ سه‌ر كۆیله‌ و كه‌نیزه‌كانیشم، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕووحم ده‌ڕێژم وئه‌وانیش پێشبینی ده‌كه‌ن. له‌ سه‌ره‌وه‌ له‌ ئاسمان كاری سه‌یر وله‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی په‌رجو ده‌كه‌م: خوێن و ئاگر و ستوونی دووكه‌ڵ. خۆر ده‌بێته‌ تاریكی ومانگیش ده‌بێته‌ خوێن، پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی مه‌زن و به‌ناوبانگی په‌روه‌ردگار بێت. جا هه‌ر كه‌سێک به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بپاڕێته‌وه‌، ڕزگاری ده‌بێت} . پیاوانی ئیسڕائیل، گوێ له‌م قسانه‌ بگرن: ئیشۆعی ناسڕه‌تی پیاوێكه‌ بۆتان سه‌لمێندرا، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجو كه‌ خودا له‌ نێو ئێوه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌نجامی دا، وه‌ک خۆشتان ده‌زانن. ئه‌م به‌گوێره‌ی خواستی بڕیارله‌سه‌ردراو و زانینی پێشووی خودا ڕاده‌ستتان كرد، به‌ ده‌ستی گوناهباران له‌خاچتان دا و كوشتتان. ئه‌وه‌ی خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و له‌ ژانی مه‌رگ ئازادی كرد، چونكه‌ نه‌ده‌كرا له‌ چنگیدا بمێنێته‌وه‌. چونكه‌ داوید ده‌رباه‌ری ده‌ڵێ: {هه‌میشه‌ په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌مم ده‌بینی، ئه‌و له‌لای ڕاستمه‌وه‌یه‌، تاكو نه‌هه‌ژێم. بۆیه‌ دڵشاد بووم و زمانم له‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌دایه‌، ته‌نانه‌ت جه‌سته‌م له‌ هیوادا نیشته‌جێیه‌، چونكه‌ تۆ گیانم له‌ دۆڵی بێبندا به‌جێ‌ ناهێڵیت، هه‌روه‌ها ناهێڵیت تاقانه‌ی پارسای خۆت بۆگه‌نی ببینێت. ڕێگاكانی ژیانت پێ ناساندم، له‌گه‌ڵ ڕووی خۆت دڵم پڕی شادی ده‌كه‌یت} .

هاوبەشی بکە
کردار 2 بخوێنەوە

کردار 14:2-28 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، بە دەنگی بەرز بە خەڵکی ڕاگەیاند: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی بەیانییە! بەڵکو لە ڕێگەی پێغەمبەر یۆئێلەوە گوتراوە: «﴿خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن. تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن. لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو و لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم: خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ. خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت. جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.﴾ «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی: «﴿هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی، لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم. بۆیە دڵشادم و زارم خۆشی دەردەبڕێت، تەنانەت جەستەم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت، چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت. ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.﴾

هاوبەشی بکە
کردار 2 بخوێنەوە