لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:2-47

کردار 1:2-47 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌ ڕۆژی په‌نجایه‌مین داهات، هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ک شوێندا بوون، له‌ناكاو ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌ک ڕه‌شه‌با هات، ئه‌و ماڵه‌ی پڕكرد كه‌ تیایدا دانیشتبوون. ئینجا چه‌ند زمانێكی دابه‌شبوو وه‌ک ئاگر بۆیان ده‌ركه‌وت و له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان نیشته‌وه‌. هه‌موویان پڕبوون له‌ ڕووحی پارسا و به‌ زمانه‌كانی دیكه‌ قسه‌یان كرد، وه‌ک ڕووح پێی به‌خشین. جووی له‌خواترسی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ژێر ئاسمان له‌ یروشلایم نیشته‌جێ ببوون. كاتێ ده‌نگه‌كه‌ هات، جه‌ماوه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و په‌شێو بوون، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بوو پێی ده‌دووان. هه‌مووان حه‌په‌سابوون و به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ به‌یه‌كتریان وت: “ئه‌رێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌ ده‌كه‌ن گلیلایی نین؟ ئه‌ی چۆن هه‌ریه‌كه‌مان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بێت كه‌ لێی له‌دایكبووه‌؟ ئێمه‌ی خه‌ڵكی په‌رتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، ئیهوود و قاپودقیا، پونتوس و ئاسیا، پرۆگیا و په‌مپۆلیا، میسڕ و ده‌ڤه‌ره‌كانی لیبیا ڕووه‌و قه‌ورینێین، هه‌روه‌ها لایده‌كانی ڕۆما جوو و به‌جووبوو قرێتێی و عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌تا گوێمان لێیانه‌ به‌ زمانی خۆمان باسی كرداره‌ مه‌زنه‌كانی خودا ده‌كه‌ن!”. هه‌موو سه‌رسام و حه‌په‌سا بوون، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ده‌بێ ئه‌مه‌ چی بێت؟” هه‌ندێكی دیكه‌ به‌ گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌ ده‌یانووت: “مه‌یی نوێیان زۆر خواردۆته‌وه‌”. په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ یازده‌كه‌ ڕاوه‌ستا، ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی پیاوانی جوو و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ یروشلایم دانیشتوون، با ئه‌مه‌ له‌لاتان زانراو بێت و گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن، چونكه‌ وه‌ک بیرده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رخۆش نین، چونكه‌ كاژێر سێی ڕۆژه‌! به‌ڵكو به‌هۆی یۆئیل پێغه‌مبه‌ر وتراوه‌: {خودا ده‌فه‌رمووێ: له‌ ڕۆژانی پایاندا ڕووحم‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئاده‌میزاداندا ده‌ڕێژم. كوڕان و كچانتان پێشبینی ده‌كه‌ن، گه‌نجه‌كانتان بینین ده‌بینن، پیره‌كانتان خه‌ون ده‌بینن. ته‌نانه‌ت به‌ سه‌ر كۆیله‌ و كه‌نیزه‌كانیشم، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕووحم ده‌ڕێژم وئه‌وانیش پێشبینی ده‌كه‌ن. له‌ سه‌ره‌وه‌ له‌ ئاسمان كاری سه‌یر وله‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی په‌رجو ده‌كه‌م: خوێن و ئاگر و ستوونی دووكه‌ڵ. خۆر ده‌بێته‌ تاریكی ومانگیش ده‌بێته‌ خوێن، پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی مه‌زن و به‌ناوبانگی په‌روه‌ردگار بێت. جا هه‌ر كه‌سێک به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بپاڕێته‌وه‌، ڕزگاری ده‌بێت} . پیاوانی ئیسڕائیل، گوێ له‌م قسانه‌ بگرن: ئیشۆعی ناسڕه‌تی پیاوێكه‌ بۆتان سه‌لمێندرا، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجو كه‌ خودا له‌ نێو ئێوه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌نجامی دا، وه‌ک خۆشتان ده‌زانن. ئه‌م به‌گوێره‌ی خواستی بڕیارله‌سه‌ردراو و زانینی پێشووی خودا ڕاده‌ستتان كرد، به‌ ده‌ستی گوناهباران له‌خاچتان دا و كوشتتان. ئه‌وه‌ی خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و له‌ ژانی مه‌رگ ئازادی كرد، چونكه‌ نه‌ده‌كرا له‌ چنگیدا بمێنێته‌وه‌. چونكه‌ داوید ده‌رباه‌ری ده‌ڵێ: {هه‌میشه‌ په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌مم ده‌بینی، ئه‌و له‌لای ڕاستمه‌وه‌یه‌، تاكو نه‌هه‌ژێم. بۆیه‌ دڵشاد بووم و زمانم له‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌دایه‌، ته‌نانه‌ت جه‌سته‌م له‌ هیوادا نیشته‌جێیه‌، چونكه‌ تۆ گیانم له‌ دۆڵی بێبندا به‌جێ‌ ناهێڵیت، هه‌روه‌ها ناهێڵیت تاقانه‌ی پارسای خۆت بۆگه‌نی ببینێت. ڕێگاكانی ژیانت پێ ناساندم، له‌گه‌ڵ ڕووی خۆت دڵم پڕی شادی ده‌كه‌یت} . برایان، ڕێگا دراوه‌ به‌ ئاشكرا پێتان بڵێم كه‌ داویدی باوكمان مرد و نێژرا، گۆڕه‌كه‌شی تاكو ئه‌مڕۆ له‌لامانه‌. ئه‌ویش كه‌ پێغه‌مبه‌ر بوو، ده‌یزانی خودا به‌ سوێند، سوێندی بۆ خواردووه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌می پشتی ئه‌و به‌پێی جه‌سته‌ مه‌سیح له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی داده‌نیشێت. پێشبینیی كرد و باسی هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیحه‌كه‌ی كرد، كه‌ نه‌ له‌ دۆڵی بێبندا به‌جێ هێڵدرا و نه‌ جه‌سته‌شی بۆگه‌نی بینی. ئه‌م ئیشۆعه‌ خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئێمه‌ش هه‌موومان گه‌واهیده‌رین بۆی. ئینجا بۆ لای ڕاستی خودا به‌رزكرایه‌وه‌ و به‌ڵێنی ڕووحی پارسای له‌ باوكه‌وه‌ وه‌رگرت، ئه‌مه‌ی ڕژاند كه‌وا ئێوه‌ ده‌یبینن و ده‌یبیستن. داوید بۆ ئاسمان به‌رز نه‌بووه‌وه‌، به‌ڵكو خۆی ده‌ڵێت: { په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێیه‌كانت}. جا با هه‌موو ماڵی ئیسڕائیل به‌ دڵنیایی بزانن، ئه‌م ئیشۆعه‌ی ئێوه‌ له‌خاچتان دا، خودا كردییه‌ په‌روه‌ردگار و مه‌سیح”. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵیان كون بوو، به‌ په‌تڕۆس و هه‌موو په‌یامبه‌رانیان وت: “برایان، چی بكه‌ین؟” په‌تڕۆس پێی وتن: “تۆبه‌ بكه‌ن، با هه‌ریه‌كه‌تان به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ عه‌ماد بكرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانتان و دیاریی ڕووحی پارسا وه‌ربگرن. چونكه‌ به‌ڵێنه‌كه‌ بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان و بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوورن، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمان بانگییان ده‌كات”. به‌ زۆر قسه‌ی دیكه‌ش گه‌واهیی بۆ دان و ئامۆژگاریی ده‌كردن و ده‌یووت: “خۆتان له‌م نه‌وه‌ چه‌وته‌ ڕزگار بكه‌ن”. جا به‌ خۆشییه‌وه‌ قسه‌كه‌یان وه‌رگرت و عه‌مادكران، له‌و ڕۆژه‌دا نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س هاتنه‌ پاڵ. ئیتر ئه‌وان په‌یوه‌ست بوون له‌سه‌ر فێركردنی په‌یامبه‌ران و هاوبه‌شییه‌تی، له‌تكردنی نان و نوێژكردن. هه‌موو له‌ ناخدا سامگرتوو بوون، چونكه‌ زۆر په‌رجو و نیشانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی په‌یامبه‌ران كران. باوه‌ڕداران هه‌موو پێكه‌وه‌ بوون و له‌ هه‌موو شتێكیان هاوبه‌ش بوون. ماڵ و موڵكی خۆیان ده‌فرۆشت و به‌گوێره‌ی پێویستی هه‌ریه‌كه‌یان دابه‌شیان ده‌كرد. ڕۆژانه‌ به‌ یه‌ک دڵ به‌رده‌وام له‌ په‌رستگا ده‌بوون، له‌ ماڵه‌كاندا نانیان له‌ت ده‌كرد، به‌ خۆشی و ساكاری پێكه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، ستایشی خودایان ده‌كرد و له‌لای هه‌موو خه‌ڵک په‌سه‌ند بوون. په‌روه‌ردگاریش ڕۆژانه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هێنایه‌ پاڵ وارگه‌ كه‌ ڕزگاریان ده‌بوو.

هاوبەشی بکە
کردار 2 بخوێنەوە

کردار 1:2-47 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کە ڕۆژی پەنجایەمین هات، هەموو باوەڕداران پێکەوە لە یەک شوێندا بوون، لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە وەک ڕەشەبا هات، ئەو ماڵەی پڕکرد کە تێیدا دانیشتبوون. ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دەرکەوت و لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە. جا هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز و دەستیان پێکرد بە زمانەکانی دیکە بدوێن، وەک ڕۆح پێی بەخشین. لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە. کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان. حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟ ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟ ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا، فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن، هەروەها میوانەکانی ڕۆما، جولەکە و ئەوانەشی ببوون بە جولەکە، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.» هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟» هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.» پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، بە دەنگی بەرز بە خەڵکی ڕاگەیاند: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی بەیانییە! بەڵکو لە ڕێگەی پێغەمبەر یۆئێلەوە گوتراوە: «﴿خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت، پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن. تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن. لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو و لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم: خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ. خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت. جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.﴾ «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی: «﴿هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی، لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم. بۆیە دڵشادم و زارم خۆشی دەردەبڕێت، تەنانەت جەستەم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت، چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت. ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.﴾ «برایان، با بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا سوێندی خواردووە و بەڵێنی پێداوە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی کرد، کە نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو. ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی. ئینجا بۆ لای دەستەڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن. داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“﴾ «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە بزانن کە ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.» کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟» پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن. ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.» بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.» ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە. ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی، لەتکردنی نان و نوێژکردن. هەموو لە ناخەوە سام دایگرتبوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران. باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد، ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.

هاوبەشی بکە
کردار 2 بخوێنەوە