کردار 6:16-15
کردار 6:16-15 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
ئینجا به ناوچه‌كانی پرۆگیا و گه‌ڵاتیه تێپه‌ڕین، چونكه ڕووحی پارسا ڕێی نه‌دان له ئاسیا وشه‌كه ڕابگه‌یه‌نن. كاتێ گه‌یشتنه میسیا هه‌وڵیان دا به‌ره‌و بیسینیا بڕۆن، به‌ڵام ڕووح ڕێگای نه‌دان. ئه‌وسا به میسیادا تێپه‌ڕین و هاتنه ترۆئۆس. له شه‌ودا پۆڵۆس بینینێكی بینی، پیاوێكی ماقیدۆنیایی ڕاوه‌ستابوو، لێی ده‌پاڕایه‌وه: “بپه‌ڕه‌وه بۆ ماقیدۆنیا و یارمه‌تیمان بده!”. كاتێ بینینه‌كه‌ی بینی، یه‌كسه‌ر هه‌وڵماندا بۆ ماقیدۆنیا بڕۆین، دڵنیا بووین كه خودا بانگی كردووین تاكو موژده‌یان بده‌ینێ. جا به ده‌ریادا له ترۆئۆسه‌وه ڕێک بۆ سامۆتراقێ ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس. له‌وێشه‌وه بۆ پیلیۆس كه یه‌كه‌م شاری ناوچه‌ی ماقیدۆنیایه و جێنشینی ڕۆمانییه‌كانه، له‌وێ چه‌ند ڕۆژێک ماینه‌وه. له شه‌ممه‌دا چووینه ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ سه‌ر ڕووبار و وه‌كو نه‌ریتی هه‌میشه‌یی نوێژمان كرد. ئینجا دانیشتین و له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی كۆبووینه‌وه و قسه‌مان كرد. له شاری تیئۆتیڕا ژنێكی خواپه‌رست به ناوی لوودییا گوێی ده‌گرت، ئه‌رخه‌وان فرۆش بوو. په‌روه‌ردگار دڵی كرده‌وه تاكو سه‌رنج بداته قسه‌كانی پۆڵۆس. كاتێ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی عه‌مادكران، پاڕایه‌وه و وتی: “ئه‌گه‌ر بڕیارتان داوه من باوه‌ڕدارم به په‌روه‌ردگار، وه‌رنه ماڵه‌كه‌م و بمێننه‌وه”. ئیتر ناچاری كردین.
کردار 6:16-15 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
پاشان پۆڵس و هاوڕێیەکانی بە ناوچەکانی فریجیا و گەلاتیادا تێپەڕین، لەبەر ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ڕێی نەدان لە ناوچەی ئاسیا پەیامی خودا ڕابگەیەنن. کاتێک گەیشتنە نزیک ناوچەی میسیا هەوڵیان دا بەرەو ناوچەی بیسینیا بڕۆن، بەڵام ڕۆحی عیسا ڕێگای نەدان. ئەوسا بە میسیادا تێپەڕین و هاتنە ترۆئاس. لە شەودا پۆڵس بینینێکی بۆ ئاشکرا کرا، کە تێیدا پیاوێکی مەکدۆنی ڕاوەستابوو و لێی دەپاڕایەوە و دەیگوت: «وەرە بۆ مەکدۆنیا و یارمەتیمان بدە.» پاش ئەوەی بینینەکەی بۆ ئاشکرا کرا، هەوڵماندا دەستبەجێ بەڕێ بکەوین بۆ مەکدۆنیا، دڵنیا بووین کە خودا بانگی کردووین تاکو مزگێنییان بدەینێ. جا بە دەریادا لە ترۆئاسەوە ڕاست بۆ سامۆسراکی ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس. لەوێشەوە بۆ فیلیپی کە گرنگترین شاری ناوچەی مەکدۆنیایە و جێنشینی ڕۆمانییەکانە، لەوێ چەند ڕۆژێک ماینەوە. لە ڕۆژی شەممەدا چووینە دەرەوەی شار بۆ سەر ڕووبار، لەو بڕوایەدا بووین کە شوێنێک بۆ نوێژکردن بدۆزینەوە. دانیشتین قسەمان لەگەڵ ئەو ژنانە کرد کە لەوێ کۆببوونەوە. یەک لەوان کە گوێی دەگرت ژنێکی خواپەرست بوو بە ناوی لیدیا، خەڵکی شاری سیاتیرا و بازرگانی کوتاڵی گرانبەها بوو. مەسیحی خاوەن شکۆ دڵی کردەوە تاکو سەرنج بداتە قسەکانی پۆڵس. کاتێک خۆی و خاووخێزانی لە ئاو هەڵکێشران، پاڕایەوە و گوتی: «ئەگەر بەڕاستی باوەڕتان وایە کە من باوەڕم بە مەسیحی خاوەن شکۆ هێناوە، ئەوا وەرنە ماڵەکەم و بمێننەوە.» ئیتر ناچاری کردین.